پاش ئەوەی دادگای باڵای یۆنان ڕۆژی پـێنجشەممە بڕیاری دا ئەو هەشت سەربازە تورکەی داوای پەنابەریـیان لە یۆنان کردووە ڕادەستی تورکیا نەکرێنەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنـنامەی کۆچبەری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا کرد.
مەولود چاوشئۆغڵو ئەمڕۆ هەینی بە کەناڵی TRT خەبەری گوت داوایان لە یۆنان کردووە ئەو هەشت سەربازە دادگایی بکاتەوە، بەڵام ئەو بڕیارەیان داوە. گوتیشی بڕیارەکە سیاسیە و یۆنان میوانداری و پارێزگاری لەو کەسانە دەکات کە لە پشـت هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووبوون.
پاشان گوتی حکومەتی وڵاتەکەی لە ئێستادا تاووتوێی ئەوە دەکات چۆن کاردانەوەی هەبێت. ئاماژەی بۆ شیانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوتنە کرد کە لەگەڵ یۆناندا لە بارەی کۆچبەرانەوە پـێی گەیشتبوون.
لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆڵوی دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند وەزارەتی دادی وڵاتەکەیان داوایەکی ئاڕاستەی پـۆلیسی نێودەوڵەتی (ئنتەرپـول) کردووە بۆ دەسـتگیرکردنی ئەو هەشت سەربازەی بۆ یۆنان هەڵاتوون.