Accessibility links

تورکیا دەڵێت هەزار پـۆلیسی لەسەر سنووری یۆنان بڵاوکردووەتەوە بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە گەڕانەوەی کۆچبەران


تورکیا دەڵێت هەزار پـۆلیسی تایبەتی لە نزیک سنوورەکانی لەگەڵ یۆنان بڵاوکردووەتەوە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە گەڕاندنەوەی کۆچبەران لەلایەن یۆنانەوە.

سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە میانەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای ئەدرنە کە لەوێوە کۆچبەران ڕوو لە سنوورەکانی یۆنان دەکەن، گوتی " هەزار ئەندامی هێزی تایبەتی پـۆلیس بە کەلوپەلی تەواوە لە بەیانی ئەمڕۆوە بڵاوکراونەتەوە لە سنوورەکان لە نزیک ڕووباری میریچ بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە گەڕاندنەوەی کۆچبەران."

گوتیشی یۆنان مامەڵەیەکی خراپی کۆچبەران دەکات.

لەوەتای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە چیتر ڕێگری لە کۆچبەران ناکەن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بۆ ئەوروپا، بە دەیان هەزار کۆچبەری نایاسایی ڕوویان لە سنوورەکانی یۆنان کردووە و دەسەڵاتدارانی یۆنانیش ڕێگە نادەن بچنە ناو وڵاتەکەیانەوە.

لە لایەکی دیکە وڵاتانی ئەوروپا ڕەتیدەکەنەوە ئەو کۆچبەرانە وەربگرن و پـێیان وایە فشارێکی تورکیا بۆ سەریان تاوەکو لە سوریا پـشتیوانی لێبکەن.

کریاکۆس میتسۆتاکس سەرۆک وەزیری یۆنان لەم هەفتەیەدا گوتی" ئەو دەیان هەزار کەسەی لەم ڕۆژانە دەیانەوێت بێنە ناو خاکی یۆنانەوە، هیچیان لە ئیدلیبەوە نەهاتوون، بەڵکو لە ناو تورکیا دەژیان." گوتیشیی تورکیا ناتوانێت بەم مەسەلەیەی کۆچبەرانە ئەوروپا ملکەچی خۆی بکات.

XS
SM
MD
LG