Accessibility links

یۆنان تۆمەتەکانی تورکیا سەبارەت بە کوشتنی کۆچبەرێک ڕەتدەکاتەوە


یۆنان بە توندی ئەو تۆمەتانەی تورکیای ڕەتکردەوە کە گوتویەتی یۆنان تەقەی لە کۆچبەرانی نایاسایی کردووە لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا، وە ئەوەش بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکیان و گیان لەدەستدانی یەکێک لە بریندارەکان.

ستیلیۆس پـیتساس گوتەبێژی حکومەتی یۆنان ئەمڕۆ چوارشەممە لە پـرسیاری ڕۆژنامەوانان سەبارەت بە تۆمەتەکانی تورکیا گوتی"ئەوە ڕاست نیـیە و سەرلەبەری ڕەتدەکەمەوە".

گوتیشی تورکیا هەواڵی درۆ لە دژی وڵاتەکەمان هەڵدەبەستێت... ئەمڕۆ هەواڵی دیکەی درۆیان هەڵبەستووە کە گوایە یۆنان تەقەی کردووە و خەڵک پـێوەبووە."

پـێشتر ئۆفیسی پارێزگاری ئەدرنە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی 6 کەس برینداربوون بە گولـلەی هێزەکانی یۆنان و لە ئاکامدا یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.

پاش ئەم ڕاگەیاندنەی تورکیا پـێکدادان ڕووی دا لە نێوان کۆچبەران و پـۆلیسی یۆنانی لەسەر سنوور لە نزیک دەروازەی بازاڕکولە و بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس لە ئەنجامدا کۆچبەرێک گولـلە بەر قاچی کەوتووە.

هاوکات حکومەتی یۆنان ڤیدیۆیەکیان بەسەر میدیاکان بڵاوکردەوە کە تیایدا نیشان دەدرێت پـۆلیسێکی تورک بۆمبی فرمێسک ڕێژ دەگرێتە پـۆلیسە یۆنانیـیەکانی سەر سنوور.

لەوەتای تورکیا بواری بە کۆچبەرانی نایاسایی بدات بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بڕۆن، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لە سنوورەکانی یۆنان کۆبوونەتەوە و بە دار و بەرد هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی سنووری یۆنان تاوەکو ڕێگەیان پـێ بدەن بچنە ناو وڵاتەکەیانەوە.

XS
SM
MD
LG