Accessibility links

تورکیا 2 سەربازی یۆنان دەسـتگیردەکات


تورکیا 2 سەربازی یۆنانی دەسـتگیرکرد پاش ئەوەی دادگایەکی تورکی بە سیخوڕی تۆمەتباری کردن، ئەمەش لە کاتێکدا یۆنان دەڵێت بە هەڵە لەسەر سنووری نێوانیان چوونەتە ناو خاکی تورکیاوە.

دادگایەکی ئەدرنە لە باکوری ڕۆژئاوای تورکیا ئەمڕۆ هەینی بڕیاری دا ئەو 2 سەربازە دەسـتگیربکرێن، ئەمەش بە تۆمەتی سیخوڕی لەشکری و چوونە نێو ناوچەیەکی سەربازی قەدەغەکراو.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن ئەو دوو سەربازە کە یەکێکیان پـلەکەی ئەفسەرە، شەوی پـێنجشەممە لە ناوچەی بازار گولای پارێزگای ئەدرنە دەسـتگیرکراون و بە مۆبایلەکانیان وێنەیان گرتبوو تاوەکو بۆ فەرماندەکەیانی بنێرن.

پـێشتر سەرۆکی ئەرکانی لەشکری یۆنان بە مەبەستی هەوڵی ئازادکردنیان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا تورکەکەی کرد، بەڵام پێناچێت هەوڵەکەی ئەنجامی هەبووبێت.

حکومەتی یۆنان لای خۆیەوە دەڵێت ئەم دوو سەربازە لە کەشوهەوایەکی خراپدا ڕێگەیان ونکردبوو لە نزیک ڕووباری ئێڤرۆس کە هەردوو وڵاتەکە لە یەک جودادەکاتەوە.

لە ئێستادا مەترسی هەیە تورکیا لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو دوو سەربازە داوای ڕادەستکردنی هەشت سەربازی تورک بکات کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2016 لە کاتی هەوڵی کودەتاکە بە هەلیکۆپتەرێک ڕوویان لە یۆنان کرد بە هیوای وەرگرتنی مافی پەنابەری.

XS
SM
MD
LG