Accessibility links

گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ڕەخنەی زۆر لە ڕێبەرانی ئەڵمانیا دەگرێت


گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا کاردانەوەیەکی زۆری هەبوو لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی هەریەک لە ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و مارتن شۆڵتس ڕێبەری پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا.

ئیبراهیم کالن ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر تویتەری فەرمی خۆی 9 جار لە بارەی ئەڵمانیاوە نووسیویەتی، لەوانە هەشتیان ڕەخنەئامێزبوون. ئەم کاردانەوەیە پاش ئەوە هات کە لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا، شەوی یەکشەممە ئەنگێلا مێرکڵ و مارتن شۆڵتس لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا کە لەسەر تەلەفیزیۆن ڕاستەوخۆ بەخشکرا، هەردووکیان تێڕوانێـکی خراپی خۆیان لە بەرامبەر حکومەتی تورکیا خستەڕوو.

ئەنگێلا مێرکل گوتی هەرگیز بڕوای بەوە نەبووە و نابێت تورکیا ببێتە ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا. مارتن شۆڵتس‌یش گوتی ئەگەربێت و پـۆستی ڕاوێژکاری وڵاتەکە بگرێتەدەست ئەوا کۆتایی دەهێنێت بەو وتووێژانەی ئەنجام دەدرێن بە مەبەستی هەوڵی تورکیا بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا.

ئیبراهیم کالن لە بەرامبەر ئەم ڕاوبۆچوونانەی ڕێبەرانی ئەڵمان نووسیویەتی باسکردنی تورکیا و بە تایبەتی ئەردۆغان، هەروا بە ڕێکەوتن نەبووە، وە هێرشکردنە سەر تورکیا و ئەردۆغان و پشـتگوێخستنی کێشە سەرەکیـیەکان ئەڵمانیا و ئەوروپا نیشانەی بیرتەسکیـیە.

پاشان نووسیویەتی دژایەتیکردنی تورکیا لە ئەوروپا بووەتە ئامرازێک بۆ خۆدزینەوە لە کێشە سەرەکیـیەکان. هەروەها پـرسیار دەکات و دەڵێت ئەڵمانیا کە پەکەکە و گروپی فەتحولڵا گولەنی گرتووەتە خۆی بە ناوی بەرگریکردن لە دیموکراسی، ئایا نازانێت ئەوانە تێرۆرست و کودەتاچین.

لە کۆتاییدا هیوادەخوازێت گرژیەکانی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا نەمێنن.

XS
SM
MD
LG