Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لایەنگرانی ئەردۆغان تۆمەتباردەکات بە هەڕەشەکردن لە هاوسەرەکەی


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لایەنگرانی سەرۆکی تورکیای تۆمەتبارکرد بە هەوڵی هەڕەشەکردن لە هاوسەرەکەی، ئەمەش لە ئاکامی ڕەخنە توندەکانی سەرۆکی تورکیا لە بەرلین.

زیگمار گابرێل ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێـکی بۆ کەناڵی NTV گوتی" ئەو شێوازە توندەی ئەردۆغان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرلیندا گرتوویەتێ بەر، پـێدەچێت وەهای لە هەندێـک کەس کردبێت هەوڵی هەڕەشەکردن و هەراسانکردنی هاوسەرەکەم بدەن."

گوتیشی ئەمە ئاکامێـکی زۆر خراپ و ناخۆشی ئەو شێوازە لێدوانانەیە کە سەرۆکی تورکیا پەیڕەوی دەکات. بەڵام زیگمار گابرێل هیچی لە بارەی هەڕەشەکانەوە باس نەکرد.

بەپـێی میدیاکانی ئەڵمانیا چەند پەیامێکی هەڕەشەئامێز بۆ ئنکی گابرێل هاوسەری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان ڕەوانەکراوە لە ڕێگەی تەلەفونی بنکە تەندروستیـیەکەیەوە کە لەوێ پـزیشکی ددانە.

پاشان زیگمار گابرێل لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەی (پارتی سۆشیال دیموکرات) لە ناوچەی سارلاند لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا گوتی زیاتر لە نیوەی خەڵکی تورکیا خاوەن بیروبۆچونی دیموکراسین و پشـتیوانی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ناکەن. هەروەها گوتی زۆرێـک لە تورکیا هەن چاویان لەسەر ئەوروپا و ئەڵمانیایە بۆ پشـتیوانیکردن لە دیموکراسی لە تورکیا.

جێی ئاماژەیە پـێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە لێدوانێـکیدا لەسەر تەلەفیزیۆن ڕووی دەمی کردە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و پـێی گوت " تۆ کێیت قسە بۆ سەرۆکی تورکیا بکەیت؟ سنووری خۆت بزانە. دەیەوێت وانەمان پـێی بڵێت... چەندت لە جیهانی سیاسەتدا بەسەر بردووە؟ تەمەنت چەندە؟"

لە لێدوانێـکی دیکەشیدا، ئەردۆغان داوای لە ئەڵمانە بە ڕەچەڵەک تورکەکان کرد دەنگ بە پارتی ئەنگێلا مێرکل و پارتی سۆشیال دیموکرات و پارتی سەوز نەدەن. دەڵێت ئەمانە دوژمنی تورکیان.

XS
SM
MD
LG