Accessibility links

حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت لەو بڕوایەدایە سەرۆکی تورکیا پاسەوانەکانی بۆ کۆنگرەی G20 یاوەری ناکەن


حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت لەو بڕوایەدایە ئەو پاسەوان و ئەندامە ئاسایشیانەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بوون لە واشنتن، نەیەن بۆ ئەڵمانیا چونکە تومەتبارن.

مارتن شێفەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ دووشەممە گوتی هۆکارێک هەیە وەهای لێدەکات پـێشـبینی بکات ئەو کەسانە لەم نزیکانە نەینە ناو خاکی ئەڵمانیاوە، بە تایبەتی لە دەمی کۆنگرەی G20 کە لە هامبۆرگ بەڕێوەدەچێت. دەڵێت ئەوانە دادوەری ئەمەریکا تۆمەتباری کردوون بە پەلاماردانی خۆپیشاندەران.

هەروەها گوتی ڕێبەرانی بیانی مافی خۆیانە پاسەوانانی تایبەتی خۆیان لە کۆنگرەکەدا یاوەریـیان بکەن، بەڵام دەبێت ڕێز لە یاسا بگرن.

جێی ئاماژەیە لە 16 ی مانگی پـێنج کاتێـک سەرۆکی تورکیا سەردانی کۆشکی سـپی کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک ترامپ، ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە بەردەم شوێنی حەوانەوەی باڵیۆزی تورکیا لە واشنتن گردبوونەوەیەکیان سازکرد و تیایدا دروشی دژ بە ئەردۆغانیان گوتەوە، پاشان پاسەوانەکانی سەرۆکی تورکیا پەلاماری خۆپـیشاندەرانیان دا و لە ئاکامدا 9 کەس برینداربوون.

دەزگای دادوەری ئەمەریکا فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ ئەو پاسەوانانە دەرکردووە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە واشنتن وێنەکانیان نیشان دران.

کۆنگرەکە لە 7 و 8 ی مانگی حەوت لە هامبۆرگ بەڕێوەدەچێت.

XS
SM
MD
LG