Accessibility links

تورکیا دەڵێت هەتا بەرلین هەنگاوی ئەرێنی نەنێت ڕێگە نادرێت پەرلەمانتارانی ئەڵمانی سەردانی ئنچەرلیک بکەن


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت لە ئێستادا ناکرێت ڕێگە بە پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا بدەن سەردانی سەربازانی خۆیان بکەن لە بنکەی لەشکری ئنچەرلیک.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە ئەمەی ڕاگەیاند، بەڵام گوتیشی ئەگەربێت و ئەڵمانیا هەنگاوی ئەرێنی بنێت، ئەوا ڕەنگە تورکیا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

هەروەها گوتی"ئەوەی ئێمە سەرنجمانداوە هەرچیـیەک لە دژی تورکیا بێت ئەڵمانیا پشـتیوانی لێدەکات. بۆیە لە دۆخێـکی وەهادا ناکرێت دەرگای ئنچەرلیک بۆ پەرلەمانتارانی ئەڵمانی بکەینەوە."

باسی لەوەش کرد زیگمار گابرێل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە سەردانی تورکیا دەکات و لەم بارەیەوە وتووێژی لەگەڵدا دەکەن.

ئەڵمانیا نزیکەی 250 سەربازی لە بنکەی ئنچەرلیکە هەیە و لەوێ سەرپەرشتی 6 فڕۆکەی دەکەن کە لە جۆری تۆرنادۆن و هەڵدەستن بە ئەرکی دیدەوانی لە ئاسمانی سوریا و عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش.

پەیوەندیـیەکانی نێوان بەرلین و ئەنکەرە لە مانگی شەشی ساڵی 2016 وە گرژیـیان تێکەوت پاش ئەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری دا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بە دەسـتی عوسمانیـیەکان لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی جینۆساید بووە. پاشان دەسـتگیرکردنی ڕۆژنامەوانێـکی ئەڵمانی لە تورکیا و ڕێگە نەدانی ئەڵمانیا بە کاربەدەسـتانی تورکیا لەوەی بەشداری بکەن لە هەڵمەتەکانی بانگەشە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆمی هەموارکردنی دەستوری تورکیا، ئەوەی لە 16 ی مانگی چواری ئەمساڵدا سازکرا و هەروەها پـێدانی مافی پەنابەری بە ژمارەیەک تورک لەوانەی ئەنکەرە بە بەشداری لە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو تاوانباریان دەکات، ئەمانە هەموویان وەهایان کرد هێندەی دیکە پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی ئەندامی ناتۆ تێکبچن.

XS
SM
MD
LG