Accessibility links

ئەڵمانیا: 35 هەڵگری پاسپـۆرتی دیپـلۆماسی تورکی داوای مافی پەنابەریـیان کردووە


وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت 35 هاوڵاتی تورکی کە پاسپـۆرتی دیپـلۆماسیـیان هەیە، داوای مافی پەنابەریـیان لە ئەڵمانیا کردووە، ئەمەش لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوت کە بە دوایـیدا حکومەتی تورکیا دەسـتیکرد بە هەڵمەتێـکی گەورە بۆ دەسـتگیرکردنی ئەوانەی گومانیان لێدەکات لایەنگری کودەتاچیـیەکان بن.

یۆهانس دیمرۆچ گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی ئەم ژمارەیە بریتـیە لە دیپـلۆمات و خێزانەکانیان، بەڵام ئاشکرای نەکرد ئایا هەموو ئەو 35 کەسە ئێسـتا لە ئەڵمانیان یان نا.

گوتیشی ناتوانێت هیچ وردەکاری زیاتر لە بارەی ئەو دیپـلۆماتانەوە بدات و بۆچی داوای مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا دەکەن.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت هەوڵی دابوو کاربەدەسـتێـک لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەرلین لەم بارەیەوە لێدوانیان بۆ بدات، بەڵام هەوڵەکەی ئەنجامی نەبووە.

هێشتا ڕوون نیـیە ئایا حکومەتی تورکیا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا کردووە ئەو دیپـلۆماتانەی ڕادەسـتبکات یان نا.

جێی ئاماژەیە لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوت دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 32 هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە و نزیکەی 100 هەزار کەسی دیکەیان لە کارەکانیان لابردووە.

XS
SM
MD
LG