Accessibility links

تورکیا ناڕەزایی بەرامبەر ڕاپـۆرتێـکی حکومەتی ئەڵمانیا دەردەبڕێت


ئەنکەرە داوای ڕوونکردنەوەی لە بەرلین کردووە سەبارەت بەو هەواڵانەی دەڵێن لە ڕاپـۆرتێـکی نهێنی حکومەتی ئەڵمانیا نووسراوە تورکیا بووەتە شوێنێـک بۆ کاری گروپە ئیسلامیـیەکان.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا بە توندی ڕەخنەشی گرت و نووسیویەتی "ئەم ئیدیعایە نیشانەیەکی نوێـیە بۆ ئەو بیرکردنەوە چەوتەی لە ئەڵمانیا هەیە کە دەیەوێت زیان بە تورکیا بگەیەنێت لە ڕێگەی بە ئامانجکردنی سەرۆک و حکومەتەکەمان."

پاشان نووسیویەتی تورکیا بە ئەوپەڕی دڵسۆزیـیەوە شەڕی گروپە تێرۆرستیـیەکان دەکات.

جێی ئاماژەیە لە دوێنێ سێشەممەوە هەواڵی دەرچوونی ڕاپـۆرتێـکی نهێنی حکومەتی ئەڵمانیا دەکرێت کە دەڵێن تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە تورکیا بووەتە ناوەندێـک بۆ کاری گروپە ئیسلامی و تێرۆرستیـیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نایشارێتەوە کە پاڵپـشتی ئیخوان ئەلموسلمین و بزوتنەوەی حەماس دەکات.

بەپـێی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ARD ئەڵمانی کە یەکەم میدیایە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕاپـۆرتەکەی ئامادەکردووە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە ئەو پـشتیوانیەی پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئیخوان ئەلموسلیمینی میسر و حەماس و گروپە ئیسلامیـیەکانی ناو سوریای دەکەن دەیسەلمێنێت کە هەڵگری هەمان بیروباوەڕن لەگەڵ ئیخوان ئەلموسلیمیندا.

هەروەها ئاژانسی دەنگ‌وباسی DPA ی ئەڵمانیا ئەویش بڵاویکردووەتەوە کە لە ڕاپـۆرتەکەدا نووسراویشە لەو 760 ئیسلامیـیەی لە ئەڵمانیاوە هەتا کۆتایی ساڵی 2015 بەرەو سوریا و عێراق ڕۆیشتوون یەک لەسەر چواریان کە 190 کەس دەکات هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکین یان بە ڕەچەڵەک تورکن.

پاشان دەڵێت ڕاپـۆرتەکە باس لەوە دەکات لە سـاڵی 2016 ڕۆیشتنی ئیسلامیـیەکان لە ئەڵمانیاوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسـتی داعش زۆر زیایکردووە و بەپـێی دەزگای زانیاری ناوخۆی ئەڵمانیا هەتا ناوەڕاستی مانگی پـێنج ژمارەی ئەوانەی لە ئەڵمانیاوە ڕۆیشتوون بۆ سوریا و عێراق گەیشتووەتە 820 کەس، لەو ژمارەیە یەک لەسەر سێـیان گەڕاونەتەوە و 140 کەسیشیان کوژراون.

XS
SM
MD
LG