Accessibility links

تورکیا داوای ساڵح موسلیم دەکات لە ئەڵمانیا


ئاژانسی دەنگ و باسی دەوڵەتی تورکیا دەڵێت ئانکەرە داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتی ئەڵمانیا کردووە تا سیاسەتمەدارێکی کوردی سوریای ڕادەست بکاتەوە.

ئاژانسی دەنگ و باسی ئەناتۆڵیا دەڵێت تورکیا داوای ڕادەست کردنی ساڵح موسلم دەکات. بەڕێز موسلم هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتی دیموکراتی واتە پەیەدە بووە، لە ڕۆژانی پشووی هەفتەدا لە بەرلین بینراوە.

لە هەفتەی ڕابردوودا ساڵح موسلم لە کۆماری چیک ئازاد کرا پاش ئەوەی لەسەر داوای تورکیا دەسەڵاتداران لە شاری پراگ دەستگیریان کرد.

لەگەڵ ئازادکردنەکەیدا داواشی لێکراوە تا لە سنوری یەکێتی ئەوروپادا بمێنێتەوە و ئامادەش بێت بۆ دانیشتنە تایبەتەکانی دادگا لەسەر دۆسێی ڕادەستکردنەوەی بۆ تورکیا.

دەمڕاستێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا خۆی لادا لەوەی هیچ تێبینییەک بدات لەسەر دۆسێکەی ساڵح موسلم و وتوویەتی تایبەتمەندێتی لەم دۆسێیەدا هەیە.

جۆهان دیمرۆث لە بەرلین بە پەیامنێرانی وتووە ئەگەر داوایەکی لەو شێوەیە بگاتە بەرلین جا ئایا لە ڕیی تورکیاوە بێت یان لە ڕێی ئەنترپۆڵەوە ئەوا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە و دەشڵێت حکومەتی ئەڵمانیا هەموو لایەنەکانی ئەو دۆسێیە لێکدەداتەوە بەر لەوەی هیچ بڕیارێک بدات.

پێشتر ئەڵمانیا هیچ داوایەکی تورکیای جێبەجێنەکردوە کە لە ڕێی ئەنترپۆڵەوە کردوویەتی بۆ دەستگیرکردنی ڕەخنەگران لە حکومەتی تورکیا.

تورکیا پەیەدە بە ڕێکخراوێکی تێرۆرست ناودێر دەکات بەهۆی ئەو پەیوەندیانەی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیەتی.

سەرهەڵداوانی پەکەکە لەشەڕدان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا لە ناو سنورەکانی تورکیادا.

ئانکەرە ساڵح موسلمی خستۆتە ناو لیستی داواکراوەکانیەوە و پاداشتی یەک ملیۆن دۆلاریشی داناوە بۆ دەستگیرکردنی.

XS
SM
MD
LG