Accessibility links

ئەنگێلا مێرکڵ نیگەرانی قوڵی خۆی بۆ ئەردۆغان دەردەبڕێت سەبارەت بە لابردنی پەناپارێزی پەرلەمانی


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕەخنەی لە تورکیا گرت سەبارەت بە بڕیاری هەڵگرتنی پەناپارێزی پەرلەمانی لە پەرلەمانتاران و هەروەها فشارەکان بۆ سەر ڕۆژنامەگەری لەو وڵاتەدا.

خانم ئەنگێلا مێرکڵ ئەمڕۆ دووشەممە لە پەراوێزی کۆنگرەی مرۆیی جیهانی کە لە ئستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبووەوە. پاشان لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و گوتی نیگەرانی قوڵی خۆی بۆ ئەردۆغان دەربڕیوە لە بارەی ئەو پـرۆژە بڕیارەی ڕۆژی هەینی لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەندکراوە بۆ هەڵگرتنی پەناپارێزی پەرلەمانی لەسەر یەک لەسەر سێی کۆی پەرلەمانتاران.

گوتیشی بۆ ئەردۆغانی ڕوونکردووەتەوە کە پـێویستە سیستەمی داد سەربەخۆبێت و هەروەهاش ڕاگەیاندنیش سەربەخۆبێت و پەرلەمانێـکی بەهێز هەبێت.

چاودێران پـێـیان وایە ئەم هەوڵەی تورکیا بۆ لابردنی پەناپارێزی پەرلەمانی، ئامانجی دورخستنەوەی پەرلەمانتارانی سەر بە هەدەپەی زۆرینە کوردبێت لە پەرلەمان.

سەبارەت بە مەرجەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا بۆ نەهێشتنی داوای ڤیزا لە هاوڵاتیانی تورکیا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گوتی بە ڕوونی بە سەرۆکی تورکیای گوتووە 72 مەرج هەن کە هیچیان نوێ نین و لە ساڵی 2013 وە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە دانراون و دەبێت تورکیا جێبەجێـیان بکات.

پاشان خانم ئەنگێلا مێرکڵ بە دوری زانی لە 1 ی مانگی حەوت داوای ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی تورکیا نەمێت کە وەها بڕیاربوو لەو وادەیە لاببرێت.

XS
SM
MD
LG