Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی فەڕەنسا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات دانبنێت بە سەربەخۆیی هەرێمی ناگۆرنۆ- قەرەباغ


ئەنجومەنی سیناتی فەڕەنسا داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد دانبنێت بە سەربەخۆیی هەرێمی ئارتساخ کە بە ئازەری بە ناگۆرنۆ- قەرەباغ ناسراوە. ئەم داوایە ناڕەزایی تورکیا و ئازەربایجانی لێکەوتەوە.

ئەنجومەنەکە دوێنێ چوارشەممە لە دەنگدانێکدا لەسەر بڕیارەکە، 305 سیناتۆر پەسەندیکرد و یەک سیناتۆر لە دژی دەنگی دا و 30 سیناتۆر دەنگیان نەدا.

لە بڕیارەکەدا هاتووە، " ئەنجومەنی سیناتی فەڕەنسا سەرزەنشتی ئەو هێرشە لەشکریـیە دوژمنکارانەی ئازەربایجان دەکات کە بە پشتیوانی تورکیا و بەکرێگیراوانی بیانی ئەنجام درا. داوا لە هێزەکانی ئازەربایجان دەکات دەستبەجێ لەو ناوچانە بکشێنەوە کە ئەرمەنەکان لە پاش 27 ی مانگی نۆ لە هەرێمی ئارتساخ لە دەستیان دا."

هەروەها "داوا لە حکومەتی فەڕەنسا دەکەن دانبنێت بە کۆماری ئارتساخ وە هەموو هەوڵێکی خۆی بدات بۆ دەستپـێکردنی دانوستاندنەکان لە چوارچێوەی گۆمەڵەی مینسک."

داواش دەکات هێزێکی نێودەوڵەتی بچێتە نێوان هێزەکانی هەردوولا و سەلامەتی دانیشتوان مسۆگەربکرێت و یارمەتی مرۆیی زۆریان پـێشکەش بکرێت. پاشان لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بکرێت سەبارەت بەو تاوانی جەنگانەی لە شەڕەکاندا کراون و ئەنجامە دیپـلۆماسيـیەکانی ئەو ڕۆڵەی تورکیا لە شەڕەکەدا بینیویەتی.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیاندنێکدا بڕیارەکەی سیناتی فەڕەنسای سەرزەنشتکرد، دەڵێت ئەمە نمونەیەکە بۆ سووکایەتیکردن بە بنەما سەرەتایـیەکانی یاسای نێودەوڵەتی.

پەرلەمانی ئازەربایجانیش سەرزەنشتی بڕیارەکەی کرد و داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد پـیاداچوونەوە بکات بە پەیوەندیـیە دیپـلۆماسی و ئابوریـیەکانی لەگەڵ پاریسدا.

XS
SM
MD
LG