Accessibility links

ئەردۆغان بۆ ماکرۆن: پشـکنین بۆ مێشکی خۆت بکە


سەرۆکی تورکیا بە شێوەیەکی ڕەخنەئامێز بە سەرۆکی فەڕەنسای گوت پـشکنین بۆخۆی بکات تاوەکو بزانێت مێشکی مردووە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکیدا لە ئستەنبوڵ گوتی " بەڕێز ماکرۆن سەیر بکە، ئێستا لە تورکیا قسە دەکەم و لە ناتۆش هەمان قسە دەکەمەوە، سەرەتا پـێویستە پـشکنین بۆ مەرگی مێشکی خۆت بکەیت."

گوتشی" بابەتی دەرکردنی تورکیا یان هێشتنەوەی لە ناو ناتۆ، ئایە کاری تۆیە؟ ئایە دەسەڵاتت هەیە بڕیاری لەو جۆرە بدەیت؟"

پێشتر ئیمانۆئێل ماکرۆن لە چاوپـێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری The Economist گوتی ئەو هێرشەی تورکیای ئەندامی ناتۆ دەیکاتە سەر باکوری سوریا بەرژەوەندیـیەکانیان دەخاتە بەر مەترسیـیەوە. گوتیشی ئەمە یەکێکە لە نیشانەکانی مەرگی مێشکی ناتۆ.

تورکیا دەیەوێت ڕێکخراوی ناتۆ کە لە سەرەتای مانگی دوازدە لە لەندەن کۆدەبێتەوە، پشـتیوانی لە لەشکرکێشیـیەکەی بۆ سەر باکوری سوریا بکات و هێزە کوردیـیەکان بە تێرۆرست ناودێربکات، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو داوایەی ئەنکەرە ڕەتدەکەنەوە.

XS
SM
MD
LG