Accessibility links

تورکیا لە چاوپـێکەوتنی سەرۆکی فەڕەنسا بە شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات توڕەیە


سەرۆکی تورکیا بە توندی ناڕەزایی دەربڕی لە بەرامبەر چاوپـێکەوتنی ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بە شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کۆشکی ئیلیزێ.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکیدا بۆ ئەندامانی پارتەکەی (ئاکەپە) لە ئەنکەرە گوتی " ماکرۆن دەیەوێت وتووێژ لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و تورکیا ئەنجام بدات بە پشتیوانی فەڕەنسا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی... ئێوە کێن هەتا باسی دانوستاندن لە نێوان تورکیا و ڕێکخراوێکی تێرۆرستی بکەن؟"

پاشان گوتی پـێشوازیکردن لەو شاندە تەنیا کارێکی دوژمنکارانەی ئاشکرایە بەرامبەر بە تورکیا. گوتیشی " ئەوانەی لە کۆشکەکانیان پـێشوازیان لە تێرۆرستان کردووە، ئەمڕۆ یان سبەی لە هەڵەکانی خۆیان تێدەگەن."

هەروەها ئەردۆغان گوتی" هیوادارم فەڕەنسا داوای یارمەتیمان لێنەکات کاتێک شارەکانی پـڕدەبن لەو تێرۆرستانەی لە سوریا و عێراق هەڵدێن."

لە لایەکی دیکە بەکر بۆزداغ جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا کە بۆخۆشی گوتەبێژی حکومەتە، ئەمڕۆ لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی، بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی فەڕەنسا هەوڵێکە بۆ پـێدانی شەرعەیت بە ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان.

دەشڵێت "ئەوەی لەگەڵ تێرۆرستان لە دژی تورکیا هاوکاری دەکات، ئەوا بە هاوشێوەی تێرۆرستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین."

هەر لەم بارەیەوە مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ژان ئیڤ لۆدغیان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەنجام دا.

جێی ئاماژەیە دوێنێ پـێنجشەممە سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئیلیزێ چاوی کەوت بە شاندێکی 8 ئەندامی کە پـێکهاتبوو لە کاربەدەستانی کوردی سوریا و چەند بەرپـرسێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا ڕایگەیاند"ماکرۆن خوازیارە وتووێژ لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و تورکیا ئەنجام بدرێت بە یارمەتی فەڕەنسا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی."

XS
SM
MD
LG