وەزیری دەرەوەی تورکیا ناڕەزایی لە بەرامبەر لێدوانەکانی سەرۆکی فەڕەنسا سەبارەت بە لەشکرکێشی ئەنکەرە بۆ سەر عەفرین دەردەبڕێت و دەڵێت نە فەڕەنسا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە مافی ئەوەی نیـیە لەم بارەیەوە ئامۆژگاریـیان بکات.
مەولود چاوشئۆغڵو ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ئەنکەرە بە ڕۆژنامەوانانی گوت "ئێمە وەکو فەڕەنسا نین کە جەزائیر و وڵاتەکانی دیکەی عەرەبی داگیرکرد، ڕەفتارەکانیان لە کیشوەری ئەفریکا بۆ هەموو لایەک ڕوونە، بۆیە فەڕەنسا مافی ئەوەی نیـیە وانەمان لەم جۆرە پـرسانە پـێبدات."
پاشان سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی و گوتی ئەنکەرە هەموو لایەنەکانی لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەی سەر عەفرین ئاگادارکردووەتەوە، لەوانە فەڕەنسا.
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد خودی خۆی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای ئاگادارکردووەتەوە لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە، وە هەروەها ئەردۆغانیش بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ ماکرۆن ئەنجامداوە.
گوتیشی" بە داخەوە ئەم جۆرە لێدوانانە لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە نیشانەی دووفاقی ئەوروپایـیەکانە، کاتێک بۆ ڕای گشتی لێدوان دەدەن ئەم جۆرە قسانە دەکەن و کاتێکیش لەگەڵ ئێمە قسە دەکەن دەڵێن ئێوە مافی خۆتانە ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدەن."
جێی ئاماژەیە ئیمانۆێل ماکرون سەرۆکی فەڕەنسا بە ڕۆژنامەی لۆ فیگارۆی وڵاتەکەی گوتبووی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە دژی هێزە کوردیـیەکان لە باکوری سوریا نابێت بکرێتە پاساوێک بۆ داگیرکردنی ئەو وڵاتە. هەروەها گوتویەتی ئەگەربێت ئۆپەراسیۆنەکە بۆ نەهێشتنی مەترسی تێرۆر نەبێت و بکرێتە داگیرکاری، ئەوا کێشەیەکی ڕاستەقینە دەبێت بۆ فەڕەنسا.