سەدان هاووڵاتی تورکیایی ڕۆژی پێنجشەممە لە لوبنان لە ڕێی دوو کەشتی هێزی دەریاییەوە گواسترانەوە، ئەمەش لە نێوەندی هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر حزبوڵا لە لوبنان.
دوو کەشتی هێزی دەریایی تورکیا لە کاتی گەیشتنییان بۆ بەندەری بەیروت، 300 تەن لە یارمەتی مرۆیشییان گەیاندووە، یارمەتییەکان بریتی بوون لە خۆراک و بەتانی و خێمە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتی کەشتییەکان 878 هاووڵاتی تورکیایی و 24 تورکیایی قوبرسی باکووری قوبرس و 64 خزمی پلە یەکییان هەڵگرتووە.
باڵیۆزی تورکیا لە لوبنان عەلی باریس ئولوسۆی بە دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆی تورکیای وت نزیکەی 13,000 بۆ 14,000 هاوڵاتی تورکیایی لە لوبنان دەژین و 2,000 هاووڵاتی تورکیایش داوایان کردووە بگوازرێنەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان وتی " وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئەو کەسانەی ناوچەکە کە ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی بوونەتەوە کە بەهۆی جەنگەکەی ئیسڕائیلەوە لە ناوچەکەدا دروست بووە و بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ پاراستنی ژیان و موڵکی هاووڵاتیانمان لە دەرەوە."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا