Accessibility links

تورکیا سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بەبێ بەها ناودێردەکات


تورکیا ئەو کۆمەڵە سزا سەرەتایـیەی یەکێتی ئەوروپای ڕەتکردەوە کە بەسەریدا سەپاندوویەتی لە ئەنجامی بەردەوامبوونی لە کارەکانی پـشکنین بە دوای نەوت و گازی سروشتی لە نزیک کەنارەکانی قوبرس.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا مەکەدۆنیـیەکەی لە سکۆپـیەی پایتەختی ئەو وڵاتە، گوتی سزاکان هیچ گرنگیـیەکیان نیـیە و تەنیا بۆ ڕازیکردنی قوبرسە.

گوتیشی یەکێتی ئەوروپا باش دەزانێت ئەم جۆرە بڕیارانە ناکرێت جێبەجێ بکرێن، بەڵام لە ژێر فشاری یۆنانیـیە قوبرسیـیەکان و یۆنان ناچاربوون پەسەندی بکەن.

چاوش‌ئۆغڵو لە بەشێکی لێدوانەکەی یەکێتی ئەوروپای ئاگادارکردەوە لەوەی لە کۆمەڵێک بابەتدا پـێویستی بە تورکیا هەیە، لەوانە بابەتی کۆچبەری. گوتیشی" لە کۆتاییدا ناچار دەبن و دێن پەیوەندیمان لەگەڵدا دەکەن، هیچ چارەیەکی دیکەیان نیـیە."

دواتر هۆشداری بە ئەوروپایـیەکان دا و گوتی" ئەگەر بڕیاری لەم جۆرە لە دژی تورکیا بدەن، ئەوا کارەکانی پـشکنین زیاتر دەکەین. ئێستا سێ کەشتیمان لە دەریای ناوەڕاست هەیە دەیکەین بە چوار."

جێی ئاماژەیە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دوێنێ دووشەممە بڕیاریان دا کۆمەڵێک سزا بەسەر تورکیا بسەپـێنن دوای ئەوەی ئەنکەرە داواکانی ڕەتکردنەوە بۆ ڕاگرتنی کارەکانی پشکنین لە نزیک قوبرس.

سزاکانیش بریتین لە، هەڵپەساردنی وتووێژەکان سەبارەت بە ڕێکەوتنی هاتوچۆی ئاسمانی، ڕاگرتنی وتووێژەکان لەگەڵ ئەنکەرە لەسەر ئاستی کاربەدەستانی باڵا، ڕاسپاردنی بانکی وەبەرهەمهێنانی ئەوروپایی تاوەکو پـیاداچوونەوە بکات بە قەرزەکانی بۆ تورکیا. لەگەڵ ئەمانەش وەزیرەکان پـێشنیاریانکردووە کۆمسیۆنی ئەوروپایی یارمەتیـیە دارایـیەکانی بۆ تورکیا لە ئەمساڵدا کەمبکاتەوە.

XS
SM
MD
LG