Accessibility links

هەوڵەکانی تورکیا بۆ نەهێشتنی گرژیـیەکانی لەگەڵ ئەوروپا


لەگەڵ نزیکبوونەوەی جۆو بایدن لە گرتنە دەستی دەسەڵات لە ئەمەریکا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا هەوڵ دەدات گرژی و ناکۆکیـیەکانی لەگەڵ ئەوروپادا نەهێڵێت یان کەمیان بکاتەوە.

بەپـێی قسەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەردۆغان و ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا نامەیان بۆ یەکتر ناردووە و ڕێکەوتوون وتووێژ ئەنجام بدەن بۆ نەهێشتنی گرژیـیەکانی نێوان ئەنکەرە و پاریس.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ڕایگەیاند مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ هەینی گوتویەتی ئەردۆغان سەرەتا بەبۆنەی ساڵی نوێـیەوە نامەی بۆ ماکرۆن ناردووە و هیوای ساڵێکی نوێی شادی بۆ خواستووە و هەروەها سەرەخۆشی لێکردووە بۆ هێرشە تێرۆستیـیەکانی پایزی ڕابردوو لە فەڕەنسا کران.

چاوش‌ئۆغڵو گوتوشیەتی ماکرۆن لەم هەفتەیەدا وەڵامی نامەکەی ئەردۆغانی داوەتەوە و زۆر ئەرێنی بووە و بە "ئازیز" دەستیپـێکردووە. باسی لەوەش کرد بەم نزیکانە هەردوو سەرۆک پەیوەندی تەلەفۆنی یان ڤیدیۆکۆنفرانس ئەنجام بدەن و لەوانەشە یەکتر ببینن.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بۆ فڕانس پـرێسی پشتڕاستیکردووەتەوە ئەردۆغان نامەی ناردووە بۆ ماکرۆن و ئەویش وەڵامی داوەتەوە. هەروەها کاربەدەستەکەی سەرۆکایەتی فەڕەنسا گوتویەتی "ئێستا دەمانەوێت ئەنکەرە هەنگاوی ڕاستەقینە بنێت.

جێی ئاماژەیە لەوەتای سەرکەوتنی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا یەکلابووەتەوە، تورکیا هەوڵ دەدات توڕەیی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا کەمبکاتەوە.

بایدن بەر لە هەڵبژاردنەکان لە چاوپـێکەوتنێکیدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز لە بارەی ئەردۆغانەوە پـرسیاری لێکرا، ئەویش لە وەڵامدا گوتی کەسێکی زۆردارە و پـێویستە خەڵکی دیکە لە تورکیا هان بدەین شکست بە ئەردۆغان بهێنن نەک لە ڕێگەی کودەتاوە، بەڵکو لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە.

XS
SM
MD
LG