Accessibility links

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سوێندی سەرۆکایەتی دەخوات و دەسەڵاتی زیاتر دەگرێتەدەست


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە سوێندی سەرۆکایەتی خوارد و بەمەش بۆی هەیە هەتا پـێنج ساڵی دیکە سەرۆکایەتی تورکیا بکات، بەڵام بە سیستمی نوێی وڵاتەکە کە تیایدا سەرۆک دەسەڵاتێکی ئێجگار زۆری هەیە.

ئەردۆغانی تەمەن 64 ساڵ کە لە ساڵی 2003 وە وەک سەرۆک وەزیر دەسەڵاتی گرتەدەست و پاشان وەک سەرۆک، توانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 24 ی مانگی شەشی ئەمساڵ 52.6% ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

ئەمڕۆ و پاش سوێندخواردنەکەی لە پەرلەمان، ئەردۆغان بەڵێنی دا پارێزگاری لە بنەماکانی سیکیولاری تورکیا بکات، ئەوانەی مستەفا کەمال ئەتاتورک دایناون. گوتیشی تورکیا بەرەو باشتر دەبات.

پاشان ئاهەنگێک بەم بۆنەیەوە سازدەکرێت لە کۆشکی سەرۆکایەتی بە ئامادەبوونی دەیان ڕێبەری وڵاتان، لەوانە دیمتری مێدڤێدێڤ سەرۆک وەزیری ڕووسیا و نیکولاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا، ئەوەی جێی ڕەخنەی ئەمەریکایە و عومەر حەسەن ئەلبەشیر سەرۆکی سودان و تەمیم بن حەمەد ئال ثانی میری قەتەر. لە ڕێبەرانی ئەوروپاش تەنیا ڕومین ڕادێڤ سەرۆکی بولگاریا و ڤیکتۆر ئوربان سەرۆک وەزیری هەنگاریا ئامادەن. هەروەها نزیکەی 10 هەزار کەسی دیکە بۆ مەراسیمەکە بانگهێشتکراون.

بەپـێی ئەم سیستمە نوێـیەی تورکیا، پـۆستی سەرۆک وەزیر نامێنێت و سەرۆک دەتوانێت تەواوی دەسەڵاتە جێبەجێکاریـیەکانی لەدەستدابێت. هەروەها دەسەڵاتی دەبێت لە دەسـتنیشانکردنی 6 ئەندامی ئەنجومەنی دادوەری وڵاتەکە کە لە 13 ئەندام پـێکدێت و بریتین لە دادوەر و داواکاری گشتی.

لەگەڵ ئەم دەسەڵاتانەش، دەسەڵاتە حزبیـیەکەی دەمێنێتەوە، بەو پـێیەی سەرۆکی پارتەکەیەتی، بەمەش ئەندامانی حزبەکەی لە پەرلەمان بە پـێی ڕێنمایـیەکانی کاردەکەن. سەرئەنجام دەتوانێت هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانەران و جێبەجێکار و دادوەری وڵاتەکە کۆنترۆڵ بکات.

XS
SM
MD
LG