Accessibility links

ژمارەیەک بەرپـرس: ڕەنگە هەتا ساڵی 2029 ئەردۆغان حوکمڕانی تورکیا بکات


سەرۆک وەزیری تورکیا دووپاتی دەکاتەوە کە لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ هەموارکردنی دەسـتوری وڵاتەکە تاوەکو لە سیستەمی پەرلەمانیـیەوە بۆ سەرۆکایەتی بگۆڕن، کە بەپـێی کاربەدەستان هەموارکردنەکە بوار بە ئەردۆغان دەدات هەتا ساڵی 2029 حکومڕانی تورکیا بکات.

بن عەلی یەڵدرم ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەندامی پارتەکەی (ئاکەپە) ، گوتی جارێکی دیکە لەگەڵ دەوڵەت بەهچەلی ڕێبەری پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کۆدەبنەوە بە مەبەستی دانانی چوارچێوەی کۆتایی هەموارکردنەکە.

جێی ئاماژەیە پارتی ئاکەپە جگە لە دەنگی پەرلەمانتارانی خۆی پـێویستی بە پشـتیوانی ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە هەیە تاوەکو هەموارکردنەکە لە پەرلەمان پەسەندبکرێت، مەهەپەش ئاسانترین لایەنی ئۆپـۆزسیۆنە کە بتوانێت قایلی بکات.

پـێشتر بەهچەلی گوتی لە وتووێژەکانیاندا لەگەڵ پارتی ئاکەپە پـێشکەوتنێـکی بەرچاویان بەدەسـتهێناوە. گوتیشی هەر بە یەکلایی‌کردنەوەی بابەتێـک یان دوو بابەت پـرۆژەی هەموارکردنەکە دەخەنە بەردەم کۆمیتەی دەسـتورەوە لە پەرلەمان.

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی دۆگان لە زاری مستەفا شەنتوپ سەرۆکی کۆمیتەی دەسـتور لە پەرلەمانی تورکیا بڵاویکردەوە کە گوتویەتی پارتەکەی (ئاکەپە) لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو پـرۆژەی هەموارکردنی دەسـتورەکە پـێشکەش دەکات. پاشان گوتی لە بەهاردا ڕیفراندۆم بۆ هەموارکردنەکە سازدەکەن تاوەکو خەڵکی تورکیا دەنگی لەسەر بدات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ماوەیەکی درێژە هەوڵ دەدات بە فەرمی دەسەڵاتەکانی خۆی وەکو سەرۆک زیاتر بکات، بە تایبەتی لەم کاتەی هیچ کەسایەتیـیەک لە وڵاتەکەدا نیـیە هێندەی ئەو جەماوەرێتی هەبێت.

ژمارەیەک لەو بەرپـرسانەی پـرۆژەی هەموارکردنی دەسـتورەکەیان بینیوە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە ئەگەربێت و هەموارکردنەکە پەسەندبکرێت، ئەوا بۆی هەیە ئەردۆغان هەتا ساڵی 2029 حوکمی تورکیا بکات.

XS
SM
MD
LG