سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنی وت ئێستا کاتی ئەوەی " سزا نادادپەروەرەکانی " سەر پیشەسازی بەرگری تورکیا لاببەن.
بەپێی بەیاننامەیەکی ئۆفیسی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەردۆغان بە سەرۆک بایدنی وتووە تورکیا پێشبینی ئەوە دەکات داواکانی بۆ کڕینی 40 فڕۆکەی شەڕکەی ئێف – 16 ی ئەمەریکی و نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی بەزووترین کات پەسەند بکرێن.
تورکیا پێشتر داوای زیاتر لە 100 فڕۆکەی شەڕکەری ئێف – 35 ی دروستکراوی کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکای کردبوو، بەڵام ئەمەریکا لە ساڵی 2019 دا تورکیای لە پڕۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکە دەرکرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تورکیا داوای سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس – 400 ی ڕووسی کردبوو لە ڕووسیا.
تورکیا دەڵێت ئەو بڕیارەی ئەمەریکا نادادپەروەرانەیە و داوای کردووە قەرەبوو بکرێتەوە لەسەر ئەو 1.4 ملیار دۆلارەی داوییەتی.
ساڵی ڕابردوو ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەدا تورکیا داوای لە ئەمەریکا کردووە 40 فڕۆکەی ئێف – 16 ی کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکی و نزیکەی 80 تاقمی نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی پێبفرۆشێت.
کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس – 400 ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت. لە مانگی دوانزەی ساڵی 2020 دا ئەمەریکا سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی پیشەسازی بەرگری تورکیا ئیسماعیل دەمیر و سێ کارمەندی بەڕێوبەرایەتییەکەی خستە لیستی ڕەشەوە.
کۆشکی سپی کاتێک باسی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکە کرد، باسی لە بابەتی سزاکان و داواکەی تورکیا نەکرد سەبارەت بە فڕۆکە شەڕکەرەکان، بەڵام وتی ئەردۆغان و بایدن باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان کردووە، هەروەها باسیان لە داگیرکارییەکەی ڕووسیاش کردووە لە ئۆکرانیا.
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا گرژییان تێکەوت، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە سەبارەت بە سوریا و پەیوەندییە نزیکەکانی ئەنقەرە لەگەڵ مۆسکۆدا، هەروەها تۆمەتەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بانکێکی سەر بە دەوڵەتی تورکیا و خراپبوونی ڕەوشی ماف و ئازادییەکان لە تورکیادا.
واشنتن چەند جارێک هۆشداریداوە لەسەر کڕینی چەکی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە، ئەنقەرە وتی دەیەوێت جارێکی دیکە سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسی ئێس – 400 لە ڕووسیا بکڕێت، ئەمەش پێدەچێت ببێتە هۆی خراپتربوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا.
ڕازیبوونی کۆنگرێسی ئەمەریکا لەسەر داواکەی تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا پێدەچێت قورس بێت، لەکاتێکدا لەم ساڵانەی دواییدا کۆنگرێس ناڕەزایی زیاتری دەربڕیوە بەرامبەر تورکیا.
لە مانگی 10 دا یاسادانەرانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکانی ئەمەریکا داوایان لە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن کرد فڕۆکەی ئێف – 16 ی ئەمەریکی بە تورکیا نەفرۆشێت، هەروەها ئاماژەشیان بەوەدا کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕێگە بەو فرۆشتنە نادات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز