سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە ئۆکرانیا و ڕووسیا کرد دەستبەجێ شەڕی نێوانیا ڕابگرن و " یارمەتیدەر بن لە ئاشتی جیهاندا." وتیشی ئەنقەرە دژایەتی فراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ ناکات.
تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ سنووری ئاوی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەیە و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا هەیە. لەژێر پەیماننامەی مۆنترۆی ساڵی 1936 دا، ڕۆژی دووشەممە تورکیا ڕایگەیاند تەنگەکانی بەڕووی کەشتییە جەنگییەکاندا دادەخات.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە داواکەی ئۆکرانیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، ئەردۆغان وتی تورکیا، کە چەند دەیەیەکە کاندیدە بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتیەکەدا، پشتیوانی لە فراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا دەکات.
ئەردۆغان داواشی لە یەکێتیەکە کرد چۆن گرنگی دەدەن بە داواکەی ئۆکرانیا، بەوشێوەیەش گرنگی بدەن بە داواکەی تورکیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتیەکەدا. هەروەها ڕەخنەی لە وڵاتانی یەکێتیەکە گرت لەسەر ئەوەی " ڕاستگۆ نین." وتیشی " کاتێک کەسێک هێرشی کردە سەرمان ئایا تورکیاش دەخەنە خشتەی کارەکانتانەوە ؟"
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز