Accessibility links

ئەردۆغان سەردانی ئۆکرانیا دەکات


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیگاڵ دەڵێت لەمیانەی سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا بۆ ئۆکرانیا، کۆمەڵێک گرێبەستی بازرگانی لەنێوان دوو وڵاتەکەدا واژۆ دەکرێن.

سەردانەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەردۆغان بۆ ئۆکرانیا نوێترین سەردانی بەرپرسانی باڵای وڵاتان دەبێت بۆ ئەو وڵاتە و دەربڕینی هاوسۆزی بۆ ئۆکرانیا لەماوەی ڕووبەڕووبوونەوەکەیدا لەگەڵ ڕووسیا.

جێی ئاماژەیە تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا هەیە، بەڵام دژایەتی سیاسەتەکانی ڕووسیا دەکات لە سوریا و لیبیا، هەروەها دژایەتی لەخۆگرتنی نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای کردووە لەلایەن ڕووسیاوە لە ساڵی 2014 دا.

لەکاتێکدا هاریکارییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا لە بوارەکانی بەرگری و وزەدا پتەو دەکات، تورکیا لە هەمان کاتیشدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئۆکرانیا فرۆشتووە، ئەمەش مۆسکۆی توڕە کردەوە. ئەردۆغان پێشنیاریکردووە نێوەندگری بکات لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا، بەڵام هۆشداریشیداوەتە ڕووسیا لەسەر داگیرکردنی ئۆکرانیا.

شمیگاڵ لە کۆبوونەوەیەکی حکومەتی ئۆکرانیادا وتی " گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیای هاوبەشماندا چڕترکردۆتەوە تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی گرێبەستەکانی بازرگانی ئازاد لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئۆکرانیادا بگونجێن و هەلێک بڕەخسێنن بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلەکانی ئۆکرانیا."

لە ساڵی 2021 دا بڕی 7 ملیار دۆلار بازرگانی هەبووە لەنێوان تورکیا و ئۆکرانیادا، هاوردەکردن لە ئۆکرانیاوە بۆ تورکیا بڕەکەی 4.1 ملیار دۆلار بووە. دانەوێڵە و ئاسن لە سەدا 70 ی سەرجەم فرۆشییەکانی ئۆکرانیا بووە بە تورکیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG