Accessibility links

ئەردۆغان گۆشەگیرکردنی قەتەر شەرمەزار دەکات

  • VOA News

سەرۆکی تورکیا گۆشەگیرکردنی قەتەری شەرمەزارکرد کە لە لایەن ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبیەوە بەسەر ئەم وڵاتەی کەنداو سەپێندراوە بەهۆی وەک دەڵێن دۆحە کۆمەکی تێرۆرزم دەکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنکەرە وتارێکی بۆ پەرلەمانتارانی پارتەکەی (ئاکەپە) پـێشکەش کرد و گوتی ئەوەی بەرامبەر قەتەر دەکرێت کارێکی نامرۆڤانەیە و پـێچەوانەی ڕێنمایـیەکانی ئیسلامە و وەکو سزای مەرگ وایە.

گوتیشی قەتەر پشتیوانی لە تێرۆرزم ناکات، بەڵکو لە هەموو وڵاتێک زیاتر لەگەڵ تورکیا شەڕی دژی داعش دەکات. جەختی لەوەش کرد تۆمەتبارکردنی قەتەر بە قازانجی ناوچەکە ناشکێتەوە. داواشی لە شای سعودیـیە کرد ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە.

باسی لەوەش کرد لەگەڵ هەر یەک لە ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و شێخ تمیم بن حەمەد ئال ثانی میری قەتەر لە بارەی دوا پـێشهاتەکان بە تەلەفون وتووێژ دەکات.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ سێشەممە مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی لە چەند ڕۆژی داهاتوو سەرۆکی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لەم بارەیەوە وتووێژدەکات.

جێی ئاماژەیە لە 5 ی مانگی شەشەوە عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات و بەحرێن و میسر پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ قەتەر بڕی بە تۆمەتی کۆمەککردنی دۆحە بۆ گروپە توندڕەو و تێرۆرستیـیەکان، ئەمەش کاریگەریـیەکی خراپی کردووەتە سەر ئەم وڵاتە بچوکەی کەنداو.

XS
SM
MD
LG