Accessibility links

سەرۆکی تورکیا: دەبێت خەڵکی باکوری عێراق پەندێک بە سەرکردەکانیان بدەن


سەرۆکی تورکیا داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات پەندێک بە سەرکردەکانیان بدەن لە بەرامبەر ئەوەی وەک دەڵێت نەیانزانیوە بە شێوەیەکی ڕەوایانە کارەکان بەڕێوەبەرن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێکیدا لە ئەنکەرە جارێکی دیکە ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گرت لە بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی لە مانگی نۆ بۆ سەربەخۆیی ئەنجامیان دا.

گوتی بۆ چەندان ساڵ مامەڵەیان لەگەڵ " بەڕێوەبەرایەتی باکوری عێراق" کردووە و پەیوەندیەکانیان باشبوون و لە زۆر قەیراندا بە هانای هەرێمەوە چوون، لەوانە قەرزیان داوە بە هەرێم بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران. گوتیشی ئەو خۆشگوزەرانیـیەی خەڵکی هەرێمی کوردستان تیایدایە لە سایەی ئەو پەیوەندیـیە باشانەی بووە کە لەگەڵ تورکیا هەیبووە.

پاشان ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم گرت و گوتی سەرەڕای ئەو پاڵپشـتیـیە، هەموو هۆشداریـیەکانی تورکیا و کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیان پشـتگوێ خست کە ئەو ڕیفراندۆمە ئەنجام نەدەن.

جەختی لەوەش کرد ئەنکەرە تەنیا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق مامەڵە دەکات و چیتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندی نابێت، بەڵام خۆراک و دەرمان و یارمەتیـیە مرۆیـیەکان لە ڕێگەی بەغداوە بۆ هەرێم ڕەوانەدەکات.

دواتر ڕووی دەمی کردە خەڵکی هەرێمی کوردستان و گوتی " داوادەکەین لەو خەڵکەکەی لەوێ دەژین پەندێک بە دەسەڵاتدارانیان بدەن کە لەبیریان نەچێتەوە، چونکە ئەو میلـلەتە ناکرێت بەو سەرکردانە قایلبێت کە نازانن کارەکان بە شێوەیەکی ڕەوایانە بەڕێوەبەرن."

لە لایەکی دیکە بن عەلی یڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا ئەویش لە وتارێکیدا لە ئستەنبوڵ گوتی وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان دەکات.

گوتیشی ئاسمانی تورکیایان بە ڕووی هەرێم داخستووە و ئیستاش دەسـتیانکردووە بە ڕادەستکردنی دەروازە سنووریـیەکان بە حکومەتی ناوەندی عێراق.

هاوکات مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی ڕێبەرانی کوردی عێراق لە هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ پـرسی ڕیفراندۆمەکە هەڵە بوون و گوێـیان لە ئامۆژگاریـیەکانیان نەگرت.

XS
SM
MD
LG