Accessibility links

ئەردۆغان و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ئۆفیسی سەرۆکایەتی تورکیا دەڵیت ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزدا لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە و تاوتوێی جەنگی ناو ئۆکرانیا دەکەن، لەکاتێکدا هەردوو وڵات فشار دەکەن تاوەکو ئاگربەستێک لە ئۆکرانیا واژۆ بکرێت.

تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ سنووری ئاوی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەیە و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا هەیە. ئەنقەرە وتوویەتی داگیرکارییەکەی ڕووسیا جێی قبوڵکردن نیە و پشتیوانی خۆی بۆ ئۆکرانیا دەربڕیوە، هاوکات دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاوا دەکات بۆ سەر مۆسکۆ و پێشنیاری نێوەندگریش دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە ئۆکرانیا وتی لەگەڵ تورکیا و ئیسڕائیلدا کە وەکو نێوەندگر ڕۆڵ دەبینن کاردەکات تاوەکو کات و چوارچێوەیەک بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ ڕووسیادا دیاری بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو تورکیا میوانداری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیای کرد.

سەردانەکەی ڕۆژی دووشەممە یەکەمین سەردانی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەبێت بۆ تورکیا دوای ئەوەی لە مانگی دوانزەی ساڵی 2021 دا وەکو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەستبەکاربوو، هەروەها لەکاتێکدایە کە ئەڵمانیا هەوڵدەدات لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا قسە بکات تاوەکو کۆتایی بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا بهێنێت. ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەنێو یەکێتی ئەوروپادا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە هەوڵەکاندا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

سەرۆکایەتی تورکیا وتی " جگە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، پێشبینی گۆڕینەوەی بۆچوونەکان دەکرێت لە بابەتە ناوچەیی و نێوەدەوڵەتیەکانیشدا، بەشێوەیەکی سەرەکی بابەتی ئۆکرانیا و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا."

تورکیا دەڵێت دەتوانێت کارئاسانی بکات لە گفتوگۆکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیادا، بەڵام دەشڵێت پێویستە سەرەتا ئاگربەست و ڕێڕەوە مرۆیییەکان هەبن.

تورکیا دەڵێت هاوڵاتیانی تورکیا لەو ناوچانەدان کە شەڕ و پێکدادان تیایاندا ڕوویداوە، هەروەها داوای لە مۆسکۆ کردووە یارمەتیدەر بێت لە گواستنەوەیان.

ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودێر دەکات کە ئامانج لێی دەستبەسەراگرتنی " نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانە " لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG