Accessibility links

پەرلەمانی تورکیا هەڵبژاردنی پـێش وەخت پەسەند دەکات


پەرلەمانی تورکیا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی پـێش وەختی لە وڵاتەکەیاندا پەسەندکرد و قایلبوو لە 24 ی مانگی شەش سازبکرێن وەک ئەوەی حکومەتەکەیان خوازیارە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی فەرمی تورکیا دەڵێت بە کۆی دەنگی 386 پەرلەمانتار پـێشنیارەکەی حکومەت بۆ پـێشخستنی هەڵبژاردنەکان پەسەندکرا. دەشڵێت زۆربەی پەرلەمانتارانی سەر بە ئاکەپە و جەهەپە و مەهەپە دەنگیان بۆ پـێشنیارەکە داوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت تەنیا پەرلەمانتارانی هەدەپە وەک ناڕەزایـیەک بەر لە ئەنجامدانی پـرۆسەی دەنگدانەکە لە دانیشتنەکە کشاونەتەوە.

لە لایەکی دیکە بنیالی یڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا ئەمڕۆ بە ڕۆژنامەوانانی گوت هەفتەی داهاتوو پـرۆژە یاسای هەڵبژاردنەکان ڕەوانەی پەرلەمان دەکەن.

پاشان ڕۆژنامەوانێک لە بارەی لێدوانەکەی هێذەر ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پـرسیاری لێکرد کە گوتبووی ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی تورکیا بەنیازی هەڵبژاردنە لە کاتێکدا یاسای باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا پەیڕەودەکرێت.

یڵدرم لە وەڵامدا گوتی " جارێ با ئەوان بچن گرنگی بە کاروباری تایبەتی خۆیان بدەن، وا ساڵێک و نیوە بەسەر هەڵبژاردنەکانیان تێپەڕبووە، کەچی هێشتا مشتومڕیانە لەسەر ئەوەی ساختەیان تیاداکراوە یان نا."

چاودێران پـێـیان وایە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا خوازیارە لەم کاتەدا هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێن کە وەک دەڵێن جەماوەرێتی لە نێوان نەتەوەپەرستەکانی وڵاتەکەیدا زیادیکردووە لە پاش گرتنی عەفرین.

XS
SM
MD
LG