Accessibility links

سەرۆکی خێڵەکانی لیبیا: داوامان لە لەشکری میسڕ کردووە بێتە ناو لیبیا ئەگەر هێرش کرایە سەر سرت


سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شێخ و کەسایەتی خێڵەکانی لیبیا دەڵێت داوایان لە میسر کردووە یارمەتیـیان بدات ئەگەر بێت و هێزەکانی حکومەتی ویفاق بە پشتیوانی تورکیا هێرشیان کردە سەر شاری سرت.

شێخ ساڵح ئەلفاندی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی سکای نیوز عەرەبیـیە گوتی" هەموو خێڵەکان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەر بێت و تورکەکان هێرش بکەنە سەر سرت ئەوا لەشکری میسڕ بە هەموو توانایەکی دێتە ناو لیبیا و ئێمە پـێشوازی لێدەکەین."

ئەم لێدوانەی شێخ ئەلفاندی پاش ئەوە هات کە ئەمڕۆ لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ شاندێکی شێخەکان کە نزیکەی 150 کەس دەبوون لەگەڵ عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسڕ کۆبوونەوە لە ژێر دروشمی "میسڕ و لیبیا، یەک گەل، یەک چارەنووس".

شاندەکە شەوی چوارشەممە بە فڕۆکەیەک لە شاری بنغازی لیبیاوە گەیشتە قاهیرە، ئەمەش لە کاتێکدا جموجۆڵێکی زۆری لەشکری لە نزیک شاری سرتی ستراتیجی هەیە و شیانی هەیە هێزەکانی حکومەتی ویفاق بە پشتیوانی تورکیا هێرشێکی گەورە بکەنە سەر ئەو شارە.

ڕۆژی دووشەممە مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لیبیا لە ئێستادا لە قازانجی حکومەتی ویفاقدا نابێت هەتا ئەو کاتەی دەستدەگرێت بەسەر هەردوو فڕۆکەخانەی لەشکری سرت و جفرە.

پاش ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەرلەمانی لیبیا کە پشتیوانی لە هێزەکانی جەنەڕاڵ حەفتەر دەکات بەیاننامەیەکی ڕاگەیاند و تیایدا داوای لە میسڕ کرد بێتە ناو شەڕەکەوە ئەگەر بینی مەترسیـیەک بۆ سەر ئاسایشی هەردوو وڵات لە ئارادایە.

XS
SM
MD
LG