Accessibility links

کاربەدەستێکی تورکیا لێدوانەکانی سەرۆکی میسر ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت لە پشتیوانیکردنی تەرابلوس بەردەوام دەبن


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت کاربەدەستێکی تورکیا هوشداریـیەکانی سەرۆکی میسری ڕەتکردووەتەوە و گوتویەتی بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانیان لە لیبیا.

عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر ڕۆژی شەممە گوتی وڵاتەکەی مافی ڕەوای خۆیەتی لەسەر دۆخی لیبیا بێتە دەنگ، بۆیە فەرمانی بە لەشکری وڵاتەکەی کردووە خۆی بۆ هەر ئەرکێکی دەرەوەی وڵات ئامادەبکات.

تورکیا پشتیوانی حکومەتی ویفاق لە تەرابلوسی پایتەخت دەکات و میسر و ئیمارات و ڕووسیا پشتیوانی لە هێزەکانی جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر دەکەن. میسر مەترسی هەیە دەسەڵاتێکی نزیک لە تورکیا کە پـشتیوانی لە ئیخوان ئەلموسلیمین دەکات تەواوی لیبیا کۆنترۆڵبکات و ببێتە جێی هەڕەشە بۆ وڵاتەکەی.

بەپـێی ڕۆیتەرز کاربەدەستەکەی تورکیا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت گوتویەتی لێدوانەکانی سیسی هیچ بنەمایەکی نیـیە و شتێک نیـیە بتوانێت ڕێگە لە تورکیا بگرێت.

گوتوشیەتی حکومەتی تەرابلوس بە پشتیوانی تورکیا بەردەوام دەبێت لە خۆئامادەکردنی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری سرت و ناوچەی جفرە.

سرت شارێکی ستراتیژی سەر دەریای ناوەڕاستە و بەندەرێکی بازرگانی سەرەکی لیبیا و فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی و بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لێـیە. لە ناوچەی جفرەش گەورەترین و نوێترین بنکەی ئاسمانی لیبیای لێـیە کە لە ئێستادا کراوەتە ژوری ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی حەفتەر.

لە لایەکی دیکە یاسین ئاکتای جێگری پارتی ئاکەپە گوتویەتی" دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی میسر لە لیبیا لەلایەن جەزائیرەوە پشتیوانی ناکرێت، بەوەش میسر بە تەنیا ڕووبەڕووی تورکیای ئەندامی ناتۆ دەبێتەوە. بۆیە سیسی ئەو هێزە و ئەو بوێریەی نیـیە کارێکی لەو جۆرە بکات."

ڕۆژی شەممە پاش ئەوەی سەرۆکی میسر هەڵوێستی وڵاتەکە بەرامبەر پـێشهاتەکانی ناو لیبیا ڕاگەیاند، هەریەک لە ئیمارات و سعودیـیە و بەحرەین و ئوردن پشتیوانی خۆیان بۆ میسر ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG