Accessibility links

تورکیا دەڵێت کۆتایی هێنان بە "داگیرکاری ئیسڕائیل لەسەر خاکی فەلەستینییەکان کاری پێشینەیە"


وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان دەڵێت گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئێران نابێت سەرنجەکان لەسەر دۆخی ناو غەززە لاببەن و کاری پێشینەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت کۆتایی هێنان بێت بە "داگیرکاری ئیسڕائیل لەسەر خاکی فەلەستینییەکان."

فیدان لە ماوەی سەردانێکی وەزیری دەرەوەی میسڕ سامیح شوکریدا بۆ ئەستەمبوڵ ئەم لێدوانەیدا، شوکری داوای لە ئێران و ئیسڕائیل کرد دان بە خۆیاندا بگرن.

سەردانەکەی شوکری بۆ تورکیا لە کاتێکدا دێت کە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر ئێران کە دەوترێت ئیسڕائیل لە پشتییەوە بووە زیادییان کردووە. ئیسڕائیل هیچ شتێکی سەبارەت بەو ڕووداوە بە فەرمی ڕانەگەیاندووە.

شوکری لە ماوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فیدان وتی نیگەرانی هەیە لە ناوچەکەدا سەبارەت بە بەردەوامیی پەرەسەندنی گرژییەکان.

وتی " لە سەرەتاوە هۆشداریمان داوە دژی فراوانبوونی ململانێکە. داوامان لە هەردوو لاکە ( ئێران و ئیسڕائیل ) کردووە دان بە خۆیاندا بگرن."

فیدان وتی هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا " داگیرکردنی خاکی فەلەستینییەکان و پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوایە بۆ ئیسڕائیل."

وتی " هەر پەرەسەندنێک کە سەرنجمان دووربخاتەوە لەم ڕاستییە دەبێت پشتگوێ بخرێت. کاری پێشینەمان دەبێت کۆتایی هێنان بێت بە داگیرکاری ئیسڕائیل لەسەر خاکی فەلەستینییەکان و چارەسەرێکی دوو دەوڵەت بۆ ململانێکە."

وتیشی لەگەڵ شوکریدا تاوتوێی هەوڵەکانییان کردووە بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ غەززە.

هاوکاتی ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە ، بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کووبوویەوە و ڕۆژی شەممە دوای چەند کاتژمێرێک لە وتووێژەکانی سەرۆکی تورکیا و هەنییە، ئەردۆغان داوای "یەکگرتوویی" گرووپە فەلەستینییەکان کرد لە میانەی شەڕی غەززەدا.

نووسینگەی سەرۆککۆماری تورکیا لە زاری ئەردۆغانەوە ڕایگەیاندووە "زۆر گرنگە فەلەستینییەکان لەم پرۆسەیەدا بە یەکگرتوویی مامەڵە بکەن و بەهێزترین وەڵام بۆ ئیسرائیل و ڕێگای سەرکەوتن لە یەکگرتوویی و یەکپارچەییدایە".



سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG