Accessibility links

بۆزداغ: لە عەفرین ئامادەکاری لە دژی تورکیا دەکرێت


جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت هێزە کوردیـیەکان لە عەفرینن خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێـک لە دژی تورکیا، وە ئەنکەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان داوای مۆڵەت لە کەس ناکات.

بەکر بۆزداغ کە گوتەبێژی حکومەتیشە ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە ڕاگەیاند وڵاتەکەی کاردانەوەی دەبێت لە بەرامبەر هەر هێرشێک لە عەفرینەوە بکرێتە سەریان.

گوتیشی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و ئەو کردارە لەشکریـیانەی تورکیا لە پارێزگای ئیدلیب ئەنجامیدان، نیشانی دەدەن ئەنکەرە ڕێگە بە هیچ پەرەپـێدانێـکی نوێ نادات کە بە خواستی ڕێکخراوە تێرۆرسـتیـیەکان ببێت.

جەختی لەوەش کردەوە ئەنکەرە داوای مۆڵەت لە هیچ کەسێـک ناکات بۆ ڕێگەگرتن لە هەر پـێشهاتەیەکی شیانی هەبێت هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروستبکات. دەشڵێت شیانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێـکی لەشکری لە عەفرین بەندە بەو پـێشهاتانەی لەوێ ڕوودەدەن.

جێی ئاماژەیە فڕۆکەی چاودێری تورکیا دوێنێ یەکشەممە و ئەمڕۆ دووشەممە بەسەر ناوچەکانی عەفریندا سوڕاونەتەوە.

تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بە ڕێکخراوی تێرۆرستی ناودێردەکات، دەڵێت بەشێـکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

XS
SM
MD
LG