Accessibility links

تورکیا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی هۆڵەندا بانگهێشت دەکات


تورکیا ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بڕیارەکەی دوێنێ پـێنجشەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی هۆڵەندا بۆ بە جینۆساید ناساندنی کوشتنکاری ئەرمەنەکان بە دەستی عوسمانیـیەکان لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ هەینی بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە دەرکرد و تیایدا بڕیارەکەی سەرزەنشتکرد و ڕەخنەی لە هۆڵەندا گرت بەوەی وڵاتێکە چاوی داخستووە لە ئاست کۆمەڵ کوژیەکەی سربرنیتسای بۆسنیـیەکان ئەوەی لە ساڵی 1995 ڕووی دا.

پاشان وەزارەتەکە ئێرێک وێستستراتی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی هۆڵەندای بانگهێشتکرد بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایی فەرمی حکومەتی تورکیا لە ئاست ئەم هەڵوێستەی پەرلەمانی هۆڵەندا.

جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی نوێنەرانی هۆڵەندا دوێنێ پـێنجەشەممە لە دەنگدانێکدا بە دەنگی 142 ئەندام بەرامبەر بە 3 ، کوشتنکاری ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساند، ئەوەی لە نێوان ساڵانی 1915 و 1917 لە میانەی شەڕی جیهانی یەکەم ڕووی دا. بەپـێی مێژووناسان مەزەندە دەکرێت نزیکەی 1.5 ملیۆن ئەرمەن لەو نێودا کوژرابن.

XS
SM
MD
LG