Accessibility links

کۆمپانیایەکی نزیک لە سەرۆکی تورکیا هەوڵی کڕینی گەورەترین دەزگای ڕاگەیاندنی وڵاتەکەی دەدات


ئاڵای ژمارەیەک لە میدیاکانی تورکیا کە دەزگای دۆگان خاوەنیەتی لە بەردەم سەنتەری دەزگاکە لە ئەنکەرە، پـێنجشەممە 22 ی مانگی سێی ساڵی 2018

دەزگای دۆگانی پەخش و چاپی تورکی ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئاشکرایکردووە دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیایەکی نزیک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەکات بە مەبەستی فرۆشتنی دەزگاکەی.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت دۆگان لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاندووە دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیای دەمیرۆرەن دەکات، ئەوەی خاوەنی هەردوو ڕۆژنامەی میلـلیەت و ڤاتانی سەر بە ئەردۆغانە.

دانوستادنەکان دەکرێن لەسەر بنچینەی 1.1 ملیار دۆلار وەک بەهای کارکردنی دەزگاکە و 890 ملیۆن دۆلار وەک بەهاکەی لە بازاڕی بۆرسە لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی قەرزەکانیشی.

ئێرۆل ئۆندەرئۆغڵو ڕۆژنامەوانی فەڕەنسایی بە ڕەچەڵەک تورک کە نوێنەری پەیامنێرانی بێ سنوورە، لە ڕاگەیاندنێکدا گوتویەتی فرۆشتنی ئەم دەزگایە هێندەی دیکە فرەیی و ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ لە تورکیا ناهێڵێت وە هەتا هەڵبژاردنە گشتیـیەکانی ساڵی 2019 هەژمونی حکومەت بەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە تەواوی دەبێت.

لە لایەکی دیکە ئادەم ئەرسلان ڕۆژنامەوانی تورکی بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوتووە ئەمە دوا بزمارە ئەردۆغان لە تابوتی دیموکراسیەتی تورکیای دەکوتێت. دەڵێت دەزگای دۆگان خاوەنی 40% ی میدیاکانی تورکیایە، بۆیە ئەگەربێت و سەودای کڕین و فرۆشتنەکە سەربگرێت، ئەوا ئیدی حکومەت کۆنترۆڵی 80% ی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وڵاتەکە دەکات.

پاشان دەڵێت ئەمە سەودایەکی ئاسایی نیـیە و دەزگای دۆگان ماوەیەکی درێژە لە ژێر فشاری سیاسی گەورەدایە و ئەو بڕە پارەیەی ئێستا دانوستاندنی لەسەر دەکرێت زۆر کەمترە لە بەها ڕاستەقینەکەی دەزگاکە.

دەزگای دۆگان ساڵی 2009 نزیکەی2.5 ملیار دۆلار سزای دارایی درا، ئەمەش بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باجدان، بۆیە ناچاربوو هەردوو ڕۆژنامەی میلـلیەت و ڤاتان و کەناڵی ستار تی بفرۆشێت تاوەکو قەرەبووی زیانە دارایـیەکانی بکاتەوە.

ئادەم ئەرسلان لە درێژەی لێدوانەکەی بۆ ئەلحوڕە گوتیشی ئێستا تورکیا بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ ڕۆژنامەوانان و وەکو کۆریای باکور و ئێرانی لێهاتووە. هەروەها گوتی پـێشبینی دەکات زۆر لە ڕۆژنامەوانانی دەزگاکە لە کارەکانیان دەربکرێن، چونکە بە گوتەی خۆی قبوڵ ناکەن ببنە گوتەبێژی ئەردۆغان.

جێی ئاماژەیە دەزگای دۆگان خاوەنی 13 کەناڵی تەلەفیزیۆنیـیە و 4 کەناڵی ڕادیۆ و 7 ڕۆژنامە و گۆڤار. ناسراوترین کەناڵە تەلەفیزیۆنیـیەکان CNN Turk ، کەناڵ D ، Star TV .

XS
SM
MD
LG