ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک بینایەکی ئاسایش لە شاری ئامەد تەقیوەتەوە، ئەمەش چەند کاژمێرێـک پاش دەسـتگیرکردنی 11 پەرلەمانتاری هەدەپە.
بنعەلی یەڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا لە ئستەنبوڵ گوتی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی دیاربەکر کە لە 8 ی بەیانی ڕوویدابوو، بووەتە مایەی کوژرانی 8 کەس کە دووانیان پـۆلیس بوون، هەروەها زیاتر لە 100 کەسی دیکە برینداربوون. گوتیشی لە نێو بریندارەکان 93 کەسیان لە نەخۆشخانە چوونەتە دەرێ و 7 کەسیان ماونەتەوە.
ئەم بینایەی ئاسایش بەڕێوەبەرایەتی دژە تێرۆری و هێزەکانی دژە ئاژاوەی ئامەدی لێـیە. تەقینەوەکە هێندە بەهێزبووە چاڵێـکی گەورەی لە شوێنەکەیدا دروسـتکردووە و زیانێـکی زۆری بە بینا و بازاڕەکانی نزیکیشی گەیاندووە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت بەپـێی کاربەدەسـتانی تورکیا پەکەکە بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە کە بە یەک تۆن تەقەمەنی لە نێو پاسێـکی بچوکدا ئەنجامدرابوو.