وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت ئەو تەقینەوەیەی ئەمڕۆ سێشەممە لە ناو بینای هێزەکانی دژە ئاژاوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش لە شاری ئامەد ڕوویدابوو لە ئەنجامی ڕووداوێـکەوە بووە.
سلێمان سۆیلۆ لە ئستەنبوڵەوە ئەمەی بۆ کەناڵی CNN Turk ی ڕاگەیاند و گوتی تەقینەوەکە لە شوێنی چاکردنەوەی ئۆتۆمبیل و ماشێنەکانی دەزگاکە بووە، وە لەو کاتەی سەرقاڵی چاکردنی زرێپـۆشێـک بوون تەقینەوەکە ڕوویداوە و لە ئاکامدا 4 کەس برینداربوون و کەسێـکیش کەوتووەتە ژێر داروپەردوی شوێنەکە.
گوتیشی تەقینەوەکە بەهێزبووە و شوێنەکەی چاڵکردووە و زیانی بە بیناکانی دەوروبەری خۆی گەیاندووە و دوکەڵێـکی زۆری بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاوکردووەتەوە.
جەختی لەوەش کرد لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەک نیـیە ئاماژە بۆ ئەوە بکات دەسـتی دەرەکی لە ڕووداوەکەدا هەبووبێت.
بەپـێی دوایـین هەواڵ یەکێـک لە بریندارەکان گیانی لەدەستداوە.