Accessibility links

سەرچاوەیەک: قوبرس موشەکی دژە فڕۆکە و کەشتی دەکڕێت


موشەکی دژە فڕۆکە لە جۆری Mistral

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت بەپـێی سەرچاوەیەک، حکومەتی قوبرس لەم دوایـیانەدا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەوروپایی واژوکردووە بۆ کڕینی موشەکی دژە فڕۆکە و کەشتی، ئەمەش پاش ئەوەی گرژیـیەکانی نێوان قوبرس و تورکیا لەسەر سەرچاوەکانی وزە لە دەریای ناوەڕاست زیاتربوون.

سەرچاوەکە ئەو زانیاریـیانەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لە ڕۆژنامەی لاتریبونی فەڕەنسی نووسرابوون. بەپـێی زانیاریـیەکان لەشکری قوبرس بە بەهای 150 ملیۆن یۆرۆ لە مانگی دوازدەی ڕابردوو گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای MBDA ی ئەوروپایی واژوکردووە بۆ کڕینی موشەکی دژە فڕۆکە لە جۆری Mistral کە دەتوانێت هەتا دوری 6 کیلۆمەتر لە ئامانجەکەی بدات.

هاوکات هێزی دەریایی قوبرس بە بەهای 90 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ هەمان کۆمپانیا واژوکردووە بۆ کڕینی موشەکی دژە کەشتی جۆری Exocet کە مەوداکەی 70 کیلۆمەترە.

فڕانس پـرێس پەیوەندی بە کۆمپانیای MBDA کردووە، بەڵام ئامادە نەبوون لەم بارەیەوە لێدوان بدەن.

لەم مانگانەی دوایی تورکیا کەشتی پـشکنین بە دوای نەوت و گازی ناردووە بۆ ناوچەی نزیک قوبرس، هەرچەندە واشنتن و یەکێتی ئەوروپا هوشداریـیان بە تورکیا دابوو ئەو کارە نەکات.

XS
SM
MD
LG