Accessibility links

ئەردۆغان: تورکیا هەروا دەستەوەستان نابێت لە بەرامبەر ڕەوشی تورکەکانی قوبرس


سەرۆکی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی هەروا دەستەوەستان نابێت لە بەرامبەر مانەوەی تورکەکانی قوبرس بەم شێوەیەی کێشەی دورگەکەیان چارەسەر نەکرێت.

ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە نامەیەکیدا بۆ مستەفا ئاکینجی سەرۆکی بەشە تورکیـیەکەی قوبرس، بەبۆنەی 43 هەمین ساڵیادی هێرشی لەشکری تورکیا بۆ سەر قوبرس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم هەڵوێستەی ڕاگەیاند، بەڵام نەیگوت کاردانەوەکەی تورکیا چۆن دەستەوەستان نابێت.

ئەردۆغان هەروەها لە نامەکەدا پـیرۆزبایی لە سەرۆکی قوبرس و تورکەکانی دورگەکە کرد. پاشان باسی لە وتووێژەکانی ئاشتی ئەم دوایـیانەی سویسرا کرد کە لە نێوان تورک و یۆنانیـیەکانی قوبرس بەڕێوەچوون. گوتی" تورکە قوبرسیـیەکان لە وتووێژەکانی ئەم دوایـیە نیازی پاکی خۆیان نیشان دا کە خوازیارن بە چارەسەریـیەکی ڕەوا بگەن، بەڵام لایەنی ڕۆمەکان هیچ خواستێـکیان بۆ گەیشتن بە ئاشتی نەبووە."

جەختی لەوەش کرد تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی تورکەکانی قوبرس و لە هەموو نێوەندە نێودەوڵەتیـیەکان بەرگریـیان لێدەکات.

جێی ئاماژەیە لە 20 ی مانگی حەوتی ساڵی 1974 تورکیا هەڵمەتێـکی لەشکری گەورەی بۆ سەر دەوڵەتی ئەو سەردەمەی قوبرس دەسـتپـێکرد پاش 5 ڕۆژ لەوەی کودەتایەکی لەشکری لە دورگەکە کرا.

لە 16 ی مانگی نۆی هەمان ساڵ بە ڕێکەوتنێـک گەیشتن و دورگەکە دابەشبوو و بوو بە دوو دەوڵەت، هەرچەندە کۆمارە یۆنانیـیەکە لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیەوە دانی پـیادانراوە، بەڵام هێشتا کۆمارە تورکیـیەکە تەنها لە لایەن تورکیاوە وەکو دەوڵەت دەناسرێت.

XS
SM
MD
LG