Accessibility links

ئەردۆغان: هەتاهەتایە تورکیا لە قوبرس دەمێنێتەوە


سەرۆکی تورکیا دەڵێت بە ڕوون و ئاشکرایی بە قوبرسی باشور و یۆنانیان گوتووە چاوەڕوان نەبن بەبێ تورکیا بە چارەسەرێـک بۆ مەسەلەی قوبرس بگەن و هەتاهەتایە تورکیا لە قوبرسی باکور دەمێنێتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە ئستەنبوڵ بۆ ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاند قوبرسی باکور (بەشی تورکی) هەوڵێـکی چڕ و ڕژد دەدات لە پـێناو سەرکەوتنی دانوسـتاندنەکان و گەیشتن بە چارەسەریـیەک بۆ مەسەلەی دورگەکە، بەڵام قوبرسی باشور و یۆنان خواستی دیکەیان هەیە.

بەڵام پاش چەند کاژمێرێـک لەم لێدوانەی سەرۆکی تورکیا، ڕێبەری قوبرسی باکور گوتی وتووێژکردن لە بارەی هەرچ بابەتێـک لە دانوسـتاندنەکاندا قەدەغە نیـیە. گوتیشی ئەگەر بڵێن ئەم بابەتە و ئەو بابەتە ناکرێت قسەی لەسەر بکرێت و هەموو شتێـک وەک خۆیان بمێنـنەوە، ئەوا بە هیچ ناگەن.

شەوی پـێنجشەممە لە جنێڤ خولی چوارەمی دانوسـتاندنەکانی پەیوەست بە یەکگرتنەوەی دوو بەشی دورگەی قوبرس بەبێ گەیشتن بە ڕێکەوتن بە کۆتایی هاتن، بەڵام ئەم دانوستاندنانە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات بەردەوام دەبێت و هەفتەی داهاتوو جارێـکی دیکە لایەن پەیوەندیدارەکان کۆدەبنەوە.

XS
SM
MD
LG