Accessibility links

تورکیا دادگایی‌کردنی 270 کەسی دەسـتپـێکرد بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو

  • VOA News

دادگایی‌کردنی 270 کەس لە تورکیا دەسـتیپـێکرد بە تۆمەتی بەشداریـکردنیان لە هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو، لەوانە فەتحوڵڵا گولەن کە لە ئەمەریکا دەژی و بە نەخشەداڕێژەری کودەتاکە تۆمەتبارکراوە.

یەکەم دانیشتنی ئەم 270 کەسە کە 152 کەسیان هەتا ئێستا دەسـتگیرکراون، ئەمڕۆ دووشەممە لە دادگایەکی شاری ئەزمیر لە ڕۆژئاوای تورکیا بەڕێوەچوو، هاوکات جادەکانی نزیک دادگاکە بە هێزەکانی ئاسایش و ماشێنی زرێـپـۆش و سەگی پـۆلیسی گیرابوون و بە ئاسمانەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چاودێری ناوچەکە دەکرا.

کەسەکان کە زۆربەیان لەشکرین تاوانبارکراون بەوەی هەوڵی ڕووخاندنی ڕژێمی دەسـتوری و پەرلەمانی وڵاتەکەیان داوە و لەگەڵیدا ئەندامی ڕێـکخراوێـکی تێرۆرستی بوون، بەمەش ڕەنگە هەر یەکەیان دوو جار حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بدرێن.

ژمارەیەک ئەفسەری باڵای پـێشوو لە نێواندان، لەوانە جەنەڕاڵ مەمدوح حەق‌بیلەن فەرماندەی پـێشووی هێزەکانی لەشکر لە ناوچەی ئیجە و جەنەڕاڵ ساڵح سەڤیل فەرماندەی پـێشووی هێزەکانی پـیادەی ناتۆ.

لە پاش هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی 45 هەزار کەسیان دەسـتگیرکرد. چەند جارێکیش داوایان لە کاربەدەسـتانی ئەمەریکا کرد فەتحوڵڵا گولەنیان ڕادەســتبکەن، بەڵام واشنتن دەڵێت ئەوە کاری دادوەریـیە و تەنها دادگا دەتوانێت بڕیار بدات ئایا گولەن ڕادەستی تورکیا بکرێت یان نا.

XS
SM
MD
LG