Accessibility links

تورکیا یادی خراپترین کارەساتی وڵاتەکە لە سەردەمی هاوچەرخدا دەکاتەوە

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە تورکیا مەڕاسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەدەبات بۆ زیاتر لە 50,000 کەس کە لە بومەلەرزە کوشندەکەی ساڵی ڕابردوودا گیانیان لەدەستدا. ئەو بوومەلەرزەیە بووە هۆی لە ناوچوونی بەشێکی زۆر لە شارەکان و بە خراپترین و کوشندەترین کارەسات دادەنرێت لەسەردەمی هاوچەرخی تورکیادا.


تورکەکان هێشتا لەو ئازارە دەرنەچوون کە چۆن بومەلەرزەیەکی 7.8 گوڕیی دەتوانێت ژیانی ملیۆنان خەڵک لە ماوەی چەند چرکەیەکدا بگۆڕێت کە هێشتا لە خەودا بوون.

ڕۆژی هەینی ژمارەی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی بومەلەرزەکەوە نوێکرایەوە، بە جۆرێک 53,537 کەس لە سەرانسەری پارێزگاکانی باشووری تورکیادا گیانییان لە دەستداوە.

هاوکات بەهۆی بومەلەرزەکەوە 5,951 کەسی دیکە گیانییان لە دەستدا، ئەمەش بومەلەرزەکەی 6 ی مانگی دووی ساڵی ڕابردوو دەکاتە یەکێک لە 10 کوشندەترین کارەساتەکانی جیهان لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا.

شارە کۆنەکانی وەکو ئەنتاکیا لەسەر نەخشە نەماون.

هاووڵاتییەکی ئەنتاکیا کە لەو کۆنتێنەرانەدا دەژی کە بۆ سەدان هەزاران ڕزگاربوو داندراون، بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ئێستا ساڵێک تێپەڕیوە، بەڵام لە مێشکمان دەرناچێت."

وتی " ژیان خۆشییەکەی لە دەستدا، هیچ خێزانێکم نیە سەردانی بکەم، هیچ دەرگایەک نیە لێیبدەم، هیچ شوێنێکی خۆش نەماوە. هیچ شتێک نەماوە."

هاووڵاتییانی ڕزگاربووی ئەنتاکیا بە نیازن ڕۆژی شەممە کاتژمێر 4:17 خولەکی بەیانی بێدارییەک بەڕێوەببەن و هەمووان تێیدا هاوار دەکەن " گوێتان لێمانە؟"

ئەو بانگکردنە، لە سەرانسەری ئەو ناوچانەدا کە بومەلەرزەکە لێیدان باو بوو، لە کاتێکدا کە خەڵکەکە لە ناو داروپەردبووەکاندا بە دوای ئازیزانییاندا دەگەڕان.

هەروەها وادەردەکەوێت کە وەبیرهێنانەوەیەکیش بێت بۆ حکومەتەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر ئەوەی کە زۆرێک لەو ناوچانەی کە بومەلەرزەکە لێیدان هەستییان بەوە کردووە جێهێڵدراون.

شیکەرەوان لە دامەزراوەی توێژینەوەی سیاسەتی ئابووری لە تورکیا ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو ناوچانەی بومەلەرزەکە لێیداون پێشتریش بە دەست بێکاری و کەمی وەبەرهێنانەوە ناڵاندوویانە.

دامەزراوەکە لە ڕاپۆرتێکیدا وتی " هەندێک شوێن لە ناوچەکەدا بەرزترین ڕێژەی هەژارییان تێدایە لە تورکیادا."

ئەردۆغان بە توندی سکاڵاکانی دژ بە حکومەتی ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری حکومەت ئامادە نەبوون و خاو بوون لە وەڵامدانەوەی کارەساتەکەدا.

ئەردۆغان وتی بومەلەرزەکە " کارەساتی سەدە " بووە و هیچ وڵاتێک نەیدەتوانی خۆی لێبەدوور بگرێت یاخود بە خێرایی بەسەریدا زاڵ ببێت.

لە هەفتەکانی یەکەمی کارەساتەکەدا ئەردۆغان بەڵێنیدا لە ماوەی یەک ساڵدا 650,000 یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ دابین بکات.

ڕۆژی شەممە ئەردۆغان کلیلی یەکەمین 7000 یەکەی نیشتەجێبوونی دا بە خەڵکی ئەنتاکیا، بڕیارە 47,000 یەکەی نیشتەجێبوون لەم مانگەدا بدرێت بە دانیشتوانی سەرانسەری ئەو ناوچانەی کە بومەلەرزەکە لێیداون.

وتی نزیکەی 20,000 یەکە مانگانە دابەش دەکرێن و تاوەکو کۆتایی ساڵیش 200,000 یەکە دابین دەکرێت.

ئەردۆغان بە دانیشتوانی ئەنتاکیای وت " بێگومان ناتوانین ئەوانەی مردوون بیانگەڕێنینەوە بۆ ژیان، بەڵام دەتوانین قەرەبووی سەرجەم زیانەکانی دیکە بکەینەوە."

بەڵام قسەکانی ئەردۆغان دڵنەواییەکی کەم دەدەن بە بەشێک لە خەڵکەکە. هەندێک لە دانیشتوان دەڵێن خەڵکەکە " پەشۆکاون " لەوەی دواتر چی ڕوودەدات.

هاووڵاتییەک بە دەزگای فرانس پرێسی وت " گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی نەبووە. هەمان شتە، هیچ بەرەوپێشچوونێک نەبووە. بێکاری هەیە، بێ پارەیی هەیە، داهات نیە."

بەڵێنەکانی ئەردۆغان پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی سێی ساڵی 2023 بوون، زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە بومەلەرزەکە لێیدان پشتگیرییان لە ئەردۆغان کرد.

زۆرێک لە دەنگدەران متمانەیان بە ئۆپۆزسیۆن نەبوو و پێیان وابوو حکومەتەکەی ئەردۆغان هەرچی لە توانایدا بووە کردووەیەتی بۆ ئەو کارەساتە و هەر کەسێکی دیکەش بووایە هەر ئەوەندەی دەکرد.

بەڵام زۆرێک لە دەنگدەران و شیکەرەوان ئاماژە بەوە دەدەن تورکیا هێشتا ئامادە نیە بۆ کارەساتێکی گەورەی وەکو بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

This item is part of
XS
SM
MD
LG