Accessibility links

جەهەپە کاندیدی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند


پارتی جەهەپەی ئۆپـۆزسیۆنی تورکیا ڕایگەیاند پەرلەمانتارێکی ناوداری خۆی کاندید کردووە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان تاوەکو ڕووبەڕووی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ببێتەوە.

جەهەپە ئەمڕۆ هەینی لە مەراسیمێکدا لە ئەنکەرە گوتی موحەڕەم ئینجە کاندیدی دەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.

لە مەراسیمەکە کەمال کلچدارئۆغڵو ڕێبەری جەهەپە بانگهێشتی موحەڕەم ئینجەی بۆ سەر سەکۆی شوێنەکە کرد تاوەکو بەو بۆنەیەوە وتارێک پـێشکەش بکات.

موحەڕەم ئینجەی تەمەن 54 ساڵ لای خۆیەوە گوتی " ئینشاالله لەسەر خواستی خەڵک دەبمە سەرۆک و بۆ 80 ملیۆنەکەی خەڵکی تورکیا دەبمە سەرۆکی هەریەکەتان و دەبمە سەرۆکێکی بێ لایەن."

ئەم سیاسەتمەدارەی جەهەپە کە لە ساڵی 2002 وەوە ئەندام پەرلەمانە، لە میانەی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانتارانی پارتەکەی بە دەنگی هەر 110 پەرلەمنتارەکەی چەهەپە کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتی پەسەندکرا.

موحەڕەم ئینجە ناسراوە بەوەی کەسێکی بەتوانایە لە پـێشکەشکردنی وتارەکانی و ڕەخنەگرێکی زۆر توندی ئەردۆغانە. پـێشتر لە وتارێکیدا گوتبووی ئەگەر ڕۆژێک دەسەڵاتی هەبێت ئەوا ئەو کۆشکی سەرۆکایەتیەی ئەردۆغان بۆخۆی دروستکردووە دەیفرۆشێت و دەیداتە گەنجان تاوەکو پـێکەنە شوێنی زانست.

پاش تەواوبوونی مەراسیمەکە موحەڕەم ئینجە لەسەر تویتەرەکەی وێنەیەکی خۆی و خێزانەی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە "ئێمە ئامادەین."

XS
SM
MD
LG