Accessibility links

جەهەپە ئامادەیە لەگەڵ مەهەپە حکومەتی نوێی تورکیا پـێـکبهێنێت


پارتی جەهەپەی سیکیولاری تورکیا دەڵێت ئامادەیە لەگەڵ پارتی مەهەپەی نەتەوەپەرست حکومەت پـێـکبهێنێت و بە نۆرە پـۆستی سەرۆک وەزیر بگرنەدەست. بەڵام مەهەپە لەبەر هەدەپە قبوڵی نیـیە.

کەمال کیلیچدار سەرۆکی جەهەپە کە پارتەکەی 132 کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا بردووەتەوە ڕۆژی هەینی پـیشنیاری کردووە حکومەت پـێـکبهێنن لەگەڵ پارتی مەهەپە کە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکایەتی دەکات و 80 کورسی بەدەسـتهێناوە.

کیلیچدار بە ڕۆژنامەی سۆزجوی گوتووە" بە شێوەیەکی پـۆزێتیڤانە دەڕوانمە هاوبەندیـیەک لەگەڵ مەهەپەدا. ئەگەر بیانەوێت، ئەوا دەتوانین پـۆستی سەرۆک وەزیر بە نۆرە بگرینەدەست. با باخچەلی ببێتە سەرۆک وەزیر."

بەڵام بە هەردوو پارت پـێکەوە 212 کورسیـیان هەیە، بۆیە پـێویسـتیان بە 64 دەنگی دیکە لە پەرلەماندا هەیە تاوەکو بتوانن 276 دەنگ مسۆگەر بکەن کە پـێویستە بۆ پەسەندکردنی کابینەی حکومەت لە لایەن پەرلەمانەوە.

هیواکانی جەهەپە لەسەر ئەو بنچینەیەیە پارتی هەدەپە کە 80 کورسی بردووەتەوە دەنگیان بۆ بدات.

مەهەپە لای خۆیەوە پـێشـنیارەکەی ڕەتکردووەتەوە و پـێی قبوڵ نیـیە لە حکومەتێـکدا بێت هەدەپە دەنگی پێبدات، بەو پـێـیەی هەدەپە لە پارتی کرێکارانی کوردسـتانەوە نزیکە.

یوسف حەلاج ئۆغڵو جێگری سەرۆکی مەهەپە لە بارەی لێدوانەکەی کیلیچدار بە پەیامنێرانی گوت " بەشداری لە حکومەتێـکی هاوبەندی لەو شێوەیە ناکەین کە هەدەپە پشـتیوانی لێبکات."

گوتوشیەتی باخچەلی واز لە بیروباوەڕی خۆی ناهێنێت تاوەکو بـبێتە سەرۆک وەزیر.

XS
SM
MD
LG