Accessibility links

تورکیا هەردوو تەنگەی بۆسفۆر و دەردەنیل بە ڕووی کەشتیـیە جەنگیـیەکان دادەخات


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ

تورکیا ڕایگەیاند ڕێگە نادات کەشتیە جەنگییەکان بە هەردوو تەنگەی بۆسفۆر و دەردەنیلی وڵاتەکەی تێپەڕ ببن، ئەمەش بەپێی پەیماننامەیەک کە دەسەڵات دەداتە تورکیا ڕێگە لە هاتوچۆی کەشتیـیە جەنگیـیەکان بگرێت ئەگەر بە پێویستی بزانێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی " ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەمان ئاگادار کردۆتەوە کەشتی جەنگی بە دەریای ڕەشدا تێپەڕ نەکەن." وتیشی " ئێمە پەیماننامەی مۆنترۆ جێبەجێ دەکەین."

پەیماننامەی مۆنترۆ ساڵی 1936 سەرپەرشتی ئازادیی هاتوچۆی کەشتیە بازرگانییەکان دەکات لە کاتی ئاشتیدا لە تەنگەکانی بۆسفۆر و دەردەنیل.

بەڵام مافی ئەوە دەداتە تورکیا کە لە کاتی جەنگدا ڕێڕەوی کەشتیە جەنگییەکان لە تەنگەکانی بۆسفۆر و دەردەنیل دابخات کە دەریاکانی ئیجە و مەڕمەڕە و ڕەش بە یەکەوە دەبەستنەوە.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵوێستی تورکیای وەکو ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕوون کردەوە و وتی " تورکیا دەستبەرداری ڕووسیا یاخود ئۆکرانیا نابێت و پشت لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی ناکات."

ئەردۆغان دوابەدوای کۆبوونەوەی حکومەتەکەی وتی " بڕیارمانداوە پەیماننامەی مانتراو بەکاربهێنین بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی قەیرانەکان."

هەفتەی ڕابردوو ئۆکرانیا بە فەڕمی داوای لە تورکیا کرد تەنگەی دەردەنیل دابخات کە ڕێڕەوی ڕووسیەکانە بۆ چوونە ناو دەریای ڕەشەوە.

تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا هەیە، لەو کاتەدا وەڵامی داواکارییەکەی نەدایەوە.

چاوش ئۆغلۆ وتی " ڕووسیا پرسیاری لێکردین لەسەر ئەوەی ئایا پەیماننامەی مۆنترۆ جێبەجێ دەکەین ئەگەر پێویست بکات، پێمان وتن وشە بە وشەی جێبەجێ دەکەین."

ئاماژەشی بەوەدا شارەزایانی تورکیا تاوتوێی بارودۆخەکە دەکەن تاوەکو بزانن کە ئایا " لەڕووی یاساییەوە حاڵەتێکی جەنگ هەیە یاخود نا." ئەمەش لەبەر ئەوەی لە پەیماننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە لە حاڵەتی جەنگدا تورکیا دەتوانێت دوو تەنگەکەدا بەڕووی کەشتیە جەنگییەکاندا دابخات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG