Accessibility links

سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی بۆ سەرۆکایەتی لە کارە سەرەکیـیەکانی دەبێت


سەرۆک وەزیری نوێی تورکیا دەڵێت یەکێـک لە کارە سەرەکیـیەکانی حکومەتەکەی ئامادەکردنی دەسـتورێـکی نوێ بۆ وڵاتەکە دەبێت کە تیایدا سیستەمی حوکمڕانی بۆ شێوازی سەرۆکایەتی بگۆڕدرێت.

بن‌عەلی یەڵدرم سەبارەت بە بەرنامەی حکومەتەکەی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند " پارتە سیاسیـیەکانی پـێشوو چەندان جار بەڵێنیان بە خەڵکی تورکیا دابوو دەسـتورێـکی نوێ دابنێن، بەڵام ئەو بەڵێنانەیان تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەز بوون، ئاکەپە ئەم مەسەلەیە و گۆڕانی سیستەمی سەرۆکایەتی لە نێویدا لە کارە سەرەکیـیەکانی دەبێت."

پاشان داوای لە پارتە سیاسیـیەکانی دیکەی ناو پەرلەمان کرد هاوکاری ئاکەپە بکەن لە دانانی دەسـتوری نوێدا و گوتی ئەمە بەرپـرسیارێتیـیەکی مێژوویی‌یە.

بن‌عەلی باسی لەوەش کرد کە وڵاتەکەی لە شەڕی دژی پارتی کرێکارانی کوردسـتان و لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەن بەردەوام دەبێت و بەڵێنی لەناوبردنیانی دا. گوتیشی ناوچەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دەبوژێنێتەوە تاوەکو گەنجی ئەو ناوچانە نەبن بە پەکەکە.

هەروەها گوتی حکومەتەکەی کاردەکات بۆ فراوانترکردنی مەودای ئازادیـیەکان و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد فرە نەژادی و ئاینی و کەلتوری لە وڵاتەکە بە باشی بۆ تورکیا دەشکێتەوە.

بن‌عەلی بەوە ناسراوە کە کەسێـکی نزیکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیایە و چاودێران دەڵێن لەم حکومەتە نوێـیە زۆربەی وەزیرەکان لایەنگری توندی ئەردۆغانن. بەشێـک لە سیاسەتمەدارانی تورکیا مەترسیان هەیە ئەگەربێت و ئەردۆغان لەم هەوڵەی بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی بۆ سەرۆکایەتی سەرکەوتووبێت، ئەوا دەسەڵاتی زۆر زیاتری لە وڵاتەکەدا هەبێت.

XS
SM
MD
LG