Accessibility links

دوو چەکدار: تورکیا چەکدارانی سوریا بۆ پشتیوانیکردن لە ئازەربایجان ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکات


دوو چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەڵێن تورکیا چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا وەکو پشتیوانیەک بۆ ئازەربایجان ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکات، لەکاتێکدا پێکدادانەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوامن.

نوێنەری ئەرمینیا لە ڕوسیا ڕۆژی دووشەممە وتی تورکیا نزیکەی 4000 سەربازی لە باکووری سوریاوە ڕەوانەی ئازەربایجان کردووە و لەوێ شەڕ دەکەن، بەڵام یاریدەدەری سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام عەلیف ئەوەی ڕەت کردەوە.

ئەرمینیا وتیشی شارەزایانی سەربازی تورکیا لە ناگۆرنۆ کاراباخ لە پاڵ هێزەکانی ئازەربایجاندا دەجەنگن و تورکیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی بەو وڵاتە داوە.

ئازەربایجان ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە و تورکیاش تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان کە بەشێوەیەکی زیاد لە پێویست نمایشی هێزی سەربازی وڵاتەکەی دەکات لە دەرەوە بەڵێنیداوە پشتیوانی باکۆ بکات.

دوو چەکدارەکە کە سەر بە گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریان لەو ناوچانەی باکووری سوریادا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادان وتیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنقەرەدا لەڕێگادان بۆ ئازەربایجان.

چەکدارێکیان کە سەر بە گروپی ئەحرار شامە و لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی لەو گروپە دەکرێت وتی " نەمدەویست بڕۆم، بەڵام پارەم نیە و ژیان زۆر قورسە و هەژارییە."

چەکدارەکەی دیکە کە سەر بە نوخبەیەکی سوپای نیشتیمانی سوریایە وتی پێی ڕاگەیەندراوە نزیکەی 1000 چەکداری سوری ڕەوانەی ئازەربایجان دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG