Accessibility links

دادگایەکی تورکیا ڕەتیدەکاتەوە ئەندامێکی پـێشووی داعش ڕادەستی ئوسترالیا بکاتەوە


وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا دەڵێت دادگایەکی تورکیا داوایەکی وڵاتەکەی ڕەتکردووەتەوە بۆ ڕادەستکردنی کەسێکی ئوسترالی کە ئەندامێکی ناسراوی داعش بووە.

خانم جولی بشۆپ ئەمڕۆ هەینی ئەمەی بۆ میدیاکان ڕاگەیاند و گوتی" مەخابن دادگای تاوانەکانی کیلیس لە تورکیا داواکەی ئوسترالیا بۆ ڕادەستکردنی نێڵ پراکاشی ڕەتکردەوە."

گوتیشی هاوکاتی ئەوەی لەم بارەیەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لە پەیوەندیدا دەبن، تاووتوێی مەسەلەی تانەکردن لە بڕیارەکەی دادگاکە دەکرێت.

نزیکەی 2 ساڵە ئوسترالیا داوا لە تورکیا دەکات نێڵ پراکاشی ڕادەستبکات، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجامبوون. بەپـێی ڕۆژنامەی دەیلی تێلێگرافی ئوسترالیا، دادوەری تورکیا لە سەرەتادا بڕیاری ئازادکردنی دابوو، بەڵام دواتر بە تاوانباری ناودێریکرد.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئوسترالیا ئامادە نەبوون لەم بارەیەوە لێدوان بدەن.

جێی ئاماژەیە نێڵ پراکاش کە لە ناو داعشدا بە ئەبو خالد ئەلکەمبۆدی ناسرابوو، لە لایەن کاربەدەستانی ئوسترالیاوە تاوانبارە بە پـلانی تێرۆرستی لە وڵاتەکەیاندا. ناوبراو لە چەند ڤیدیۆیەکی داعش دەرکەوتووە کە تیایاندا خەڵکی بۆ کاری تێرۆرستی هان دەدات. لەگەڵ ئەوانەش کەسێکی سەرەکی داعش بووە بۆ پەیداکردنی چەکدار بۆ ڕێکخراوەکەیان. دەڵێن ناوبراو ژن و پیاو و منداڵی لە ئوسترالیاوە کردبوو بە داعش.

XS
SM
MD
LG