ڕۆژی سێشەممە بەرپرسانی تورکیا ڕۆژنامەنووسێکیان دەستگیرکرد دوای ئەوەی ڕۆژنامەنووسەکە ڕایگەیاند هاککەرەکان زانیاریی تایبەتییان لە ماڵپەڕەکانی حکومەت دزیوە و هەندێک لەو زانیارییانەیان پیشانداوە.
پارێزەری ڕۆژنامەووسەکە وتی هاککەرەکان وەکو بەڵگەیەک یەکێک لەو زانیارییانەی کە دەستیان کەوتووە پیشانی ڕۆژنامەنووسەکەیان داوە، زانیارییەکەش بریتی بووە لە ناسنامەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.
ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ ئیبراهیم هاسکۆلۆگلو ڕاگەیاندنەکەی لە تویتەر بڵاوکردەوە، لە بڵاوکراوەکەیدا بەشێکی وێنەیەکی بڵاوکردبۆوە کە دەڵێت گوایە ناسنامەی ئەردۆغانە.
پارێزەری ڕۆژنامەنووسەکە ئیمرا کاراتای وتی ئیبراهیم هاسکۆلۆگلو بە تۆمەتی دەستکەوتنی زانیاریی تایبەت و بڵاوکردنەوەیان تۆمەتبار کراوە و دەستگیرکراوە.
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، هاسکۆلۆگلو وتوویەتی دوو مانگ لەمەوبەر کۆمەڵێک هاککەر پەیوەندییان پێوە کردووە و پێیان وتووە زانیاریی تایبەتی تورکەکانیان لە ماڵپەڕەکانی حکومەتی تورکیاوە دەستکەوتووە.
لەگەڵ وێنەی ناسنامەکەی ئەردۆغان، هاسکۆلۆگلو وێنەیەکی دیکەی بڵاوکردۆتەوە کە دەڵێت ناسنامەی هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی تورکیایە. زۆرینەی زانیارییەکانی سەر ناسنامەکان شاردرابوونەوە.
کاراتای پارێزەر وتی " هۆکاری دەستگیرکردنە فەڕمییەکەی ئەوە بووە کە پێشتر لێکۆڵەرەوانی ئاگادار نەکردبۆوە." ئاماژەشی بەوەدا هاسکۆلۆگلو کۆمەڵێک بەرپرسی جیا جیای ئاگادار کردۆتەوە بەڵام هیچ کارێک نەکراوە.
کاراتای وتی " ئەو پێی وابووە دەبێت وەکو ڕۆژنامەنووس خەڵک ئاگادار بکاتەوە و ئەو وێنانەی بڵاوکردۆتەوە. ئێستا دەستگیرکراوە. ئەوە هەموویەتی." وتیشی پۆلیس شەوی ڕابردوو کاتێک هاسکۆلۆگلویان دەستگیرکردووە ماڵەکەشیان پشکنیوە.
جێی ئاماژەیە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ناوبانگی هەیە لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و زۆرینەی ڕاگەیاندنەکانیش لەلایەن ئەو کەسانەوە کۆنتڕۆڵ کراون کە لە حکومەتەکەی ئەردۆغانەوە نزیکن. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ تورکیایان بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافی ڕاگەیاندنەکان و ڕۆژنامەنووسان تۆمەتبار کردووە، بەڵام تورکیا ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
تورکیا بە فەڕمی ڕۆژنامەنووسان لەسەر قسەکردن سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی زانیاریی تایبەت دەستگیردەکات
