ڕۆژی سێشەممە سەرچاوە ئاسایشییەکانی تورکیا ڕایانگەیاند پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری تورکیا کە لێکۆڵینەوە لە گرووپی چەکداریی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دەکات، هاووڵاتییەکی ڕووسییاییان دەستبەسەر کردووە کە لە وێستگەیەکی ئەتۆمی کاردەکات لە کەناری باشووری تورکیا، وێستگە ئەتۆمییەکە لە قۆناغی دروستکردندایە.
سەرچاوەکان دەڵێن تۆمەتبارەکە بە ناسنامەیەکی ساختەوە گیراوە لە وێستگەی ئەتۆمی ئاکویو، وێستگەکە لەلایەن کۆمپانیای ڕۆساتۆمی ڕووسیاوە لە پارێزگای مێرسین دروست دەکرێت و بڕی 20 ملیار دۆلاری تێدەچێت.
پۆلیسی مێرسین ڕایگەیاند دادگایەکی تورکیا بە فەرمی ئەو هاووڵاتییە بیانییەی دەستگیرکردووە. لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە ڕەگەزنامەی تۆمەتبارەکە نەداوە و وردەکاری زیاتری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە نەخستووەتەڕوو.
هەفتەی ڕابردوو وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا وتی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سەرانسەری 33 پارێزگادا تورکیا 147 کەسی دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیدا هەبێت.
مانگی ڕابردوو هاوڵاتیەکی تورک لە لایەن دوو چەکداری دەوڵەتی ئیسلامییەوە لە کڵێسای کاثۆلیکی سانتا ماریای ئیتاڵیدا لە ئیستەنبوڵ کوژرا. پۆلیسی تورکیا دوو کەسی دەستبەسەر کرد کە گومانیان لێدەکرێت هێرشەکەیان ئەنجام دابێت.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز
سەرچاوەکان: تورکیا لە وێستگە ئەتۆمیەکەیدا ئەندامێکی داعشی ڕووسیایی دەستیگرکرد