دەسەڵاتدارانی تورکیا 4 سەرۆک شارەوانی ئەندامی پارتی گەلانی دیموکرات (هەدەپە) دەستگیردەکەن بە تۆمەتی تێرۆرزم و یارمەتیدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
هێزەکانی پـۆلیسی تورکیا بەیانی ئەمڕۆ هەینی ئەو سەرۆک شارەوانیانەیان دەستگیرکرد کە بریتین لە بێریڤان هەلەن ئیشق، سەرۆک شارەوانی سێرت و ڕەمەزان سارسلماز، سەرۆکی شارەوانی هەولێلی و باران ئاکگول، سەرۆکی شارەوانی میسرج و یاشار ئاککوش، سەرۆکی شارەوانی ئیدر.
لە ئێستادا لە کۆی ئەو 65 شارەوانیـیەی هەدەپە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی سێی ساڵی 2019 بەدەستیهێنابوون، 43 شارەوانی سەرۆک شارەوانیـیەکانیان لابراون و کەسانی سەر بە دەسەڵات لە شوێنیان دانراون.
هەدەپە لەسەر تویتەرەکەی لە بارەی دەسـتگیرکردنەکانی ئەمڕۆ نووسیویەتی "حکومەتی ئاکەپە بەیانی ئەمڕۆ دەستیگرت بەسەر شارەوانیـیەکانی ئیدر و سێرت و میسرج و هەولێلی، ڕژێمەکەی ئەردۆغان جارێکی دیکە دژایەتی خۆی بۆ خواستی گەلی کورد نیشان دا. چۆک دانادەین لە بەردەم ئەم ڕژێمە نادیموکراسیـیە."
لە پاش هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 و پەیڕەوکردنی یاسای باری نائاسایی لە تورکیا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپەیان زیندانیکردووە و بە هەزاران لە ئەندامانی هەدەپە دەستگیرکراون بە تۆمەتی پەیوەست بە تێرۆرزمەوە. جگە لە هەدەپە بە دەیان هەزار کەسی دیکە دەسـتگیرکراون یان لە کارەکانیان دەرکراون بە تۆمەتی پەیوەندی بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن.